سوپای پاسداران: هێرشکردنە سەر خارگ هاوکێشەیەکی خراپتر و ترسناکی بۆ جیهان دەبێت
دوای هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە دوورگەی خارگ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە، سوپای فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هەڕەشەی توند دەکات و هۆشداری دەدات، ئەگەر هێرشی ئاسمانی بکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئەو دوورگەیە، نەک بە تەنیا ئەمریکا بەڵکو تەواوی جیهان باجێکی قورس دەدات.
عەلیڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی " جارێک لە گەرووی هورمز ئێرانتان تاقیکردەوە، ئەگەر کۆنترۆڵی زیرەکانەی گەرووەکە ئاماژەیەکی نوێی بۆ نرخی نەوت پێداون، بە دڵنیاییەوە هێرشکردنە سەر خارگ هاوکێشەیەکی خراپتر و ترسناکترتان لە بارەی نرخی وزە و دابەشکردنی لە جیهاندا بۆ دروست دەکات".
14ی ئەم مانگە، دوای هێزی ئاسمانی ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە دوورگەی خارگ لە کەنداو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کرد و گوتی: "هێزەکانمان وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە بکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران، ئەگەر بێتو دامەزراوەکانمان رووبەڕووی هێرش ببنەوە، ئەوا هێزەکانمان دامەزراوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوچەکە یان ئەو دامەزراوانەی ئەمریکا پشکیان تێدا هەیە، دەکەنە ئامانج."
سەبارەت هێرشەکەی سەر دوورگەی نەوتی خارگ، عێراقچی گوتی: "هێرشەکەی سەر خارگ لە خاکی دراوسێکانمانەوە ئەنجام دراوە، هەروەها ئەمریکییەکان لە وڵاتانی دراوسێوە مووشەک دەهاوێژن."
هەروەها لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "ئەگەر ئێران کۆنترۆڵی ژێرخانی نەوتی خۆی یان توانای کارپێکردنی لە دوورگەی خارگ لەدەست بدات، ئەوا ئابوورییەکەی بە تەواوی دادەرووخێت، هەر لایەنێک دەسەڵاتی بەسەر ئەم دوورگەیەدا هەبێت، کۆنترۆڵی چارەنووسی ئەم شەڕە دەکات".