فاینانشیاڵ تایمز: ترەمپ هۆشداریی توند دەداتە ناتۆ و چین
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوەتە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی کە ئەگەر هاوکار نەبن لە کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەوا ناتۆ رووبەڕووی داهاتوویەکی زۆر خراپ دەبێتەوە. هاوکات پەیامێکی توندی ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا و چین کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران بکەن، بەو پێیەی ئەوان زۆرترین سوودمەندن لە نەوتی کەنداو و پشتبەستنیان بەو رێڕەوە ئاوییە لە ئەمریکا زیاترە.
دووشەممە 16ی ئاداری 2026، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، گونجاوە ئەو کەسانەی سوودمەندن لە گەرووەکە، هاوکار بن بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ شتێکی خراپ لەوێ روونادات."
ترەمپ بێ ئومێدبوونی خۆی بەرانبەر بە دەنگەوەهاتنی وڵاتانی ناتۆ نیشاندا و باسی لەوە کرد، ئەمریکا یارمەتیی ئۆکرانیای داوە هەرچەندە هەزاران میل لێیانەوە دوورە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە بزانرێت ئایا ئەوروپییەکان یارمەتیی واشنتن دەدەن یان نا. سەبارەت بە جۆری هاوکارییەکانیش، سەرۆکی ئەمریکا داوای ناردنی کەشتیی مینپوچەڵکەرەوەی کرد کە ئەوروپا ژمارەیەکی زۆرتر لەو کەشتییانەی هەیە بەراورد بە ئەمریکا، هەروەها داوای هێزی تایبەت کۆماندۆی کرد بۆ لەناوبردنی ئەو کەسانەی لەسەر کەناراوەکانی ئێران بە درۆن و مینی دەریایی کێشە دروست دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ بێزاریی خۆی لە هەڵوێستی بەریتانیا و کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەربڕی و گوتی: "کاتێک داوام لێکردن بێن، نەیانویست، بەڵام کە ئێمە بەتەواوی توانای مەترسیداری ئێرانمان لەناوبرد، گوتیان باشە دوو کەشتی دەنێرین. پێم گوتن ئێمە پێش بردنەوە پێویستمان بەو کەشتییانەیە نەک دوای بردنەوە، هەمیشە گوتوومە ناتۆ شەقامێکی یەک ئاراستەیە."
سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە مەترسی لەسەر هێزە هاوپەیمانەکان زۆر کەمە، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەمریکا و ئیسرائیل ئێرانیان "وێران کردووە" و ئێستا تاران "نە هێزی دەریایی، نە دژەفڕۆکە و نە هێزی ئاسمانی نەماوە." هەروەها هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی نەوتیی ئێرانی کرد و ئاماژەی بە بۆردوومانکردنی دورگەی خەرج کرد کە دەتوانن لە "پێنج خولەکدا" بەتەواوی خاپووری بکەن. سەرباری ئەم بانگەشانەی ترەمپ، بەڵام رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە پێشتر هاوپەیمانان زەرەرمەند بوون؛ بە جۆرێک سەربازێکی فەرەنسی لە عێراق بە درۆنی ئێرانی کوژراوە و فڕۆکەیەکی ئیتاڵیش لە بنکەیەکی کوەیت تێکشکێندراوە.
سەبارەت بە چین، ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر پەکین کە 90%ـی نەوتەکەی لە گەرووی هورمزەوە بۆ دەچێت، هاوکار نەبێت بۆ کردنەوەی گەرووەکە، ئەوا رەنگە لووتکە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین دوا بخات. ترەمپ گوتی: "پێویستە چین یارمەتیدەر بێت؛ دەمانەوێت پێش لووتکەکە ئەوە بزانین." ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئابووریی هەردوو وڵات لە پاریس سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەو لووتکەیە کە بڕیارە کۆتایی مانگی ئادار لە پەکین بەڕێوە بچێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری پێدانی زانیاریی مانگە دەستکردەکان لەلایەن رووسیاوە بە ئێران بۆ بەئامانجگرتنی سیستەمی دژەمووشەکیی ئەمریکی و ئیسرائیلی، ترەمپ بەراوردی دۆخەکەی بە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا کرد. ئەو رایگەیاند، قورسە بە رووسیا بڵێین 'تۆ ئێمە دەکەیتە ئامانج'، لە کاتێکدا جۆ بایدن پێشتر 350 ملیار دۆلاری وەک کاش و کەلوپەل داوە بە ئۆکرانیا، قورسە بپرسین 'ئەوە چی دەکەن؟' کاتێک ئێمەش هەمان شتمان کردووە."