ئێران بە درۆنی بۆمبڕێژکراو فڕۆکەخانەی دوبەی کردە ئامانج
سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە بەشێکی فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە.
لەمبارەوە نووسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی ئیمارات بڵاویکردووەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی نزیک فڕۆکەخانەی دوبەی دەکەن، کە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بووە و ئاگر لە یەکێک لە کۆگاکانی سووتەمەنی نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتووەوە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون تۆمارنەکراوە.
نووسینگەکە راشیگەیاندووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکە بکەن.
هەر بەهۆی هێرشەکەوە، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی دوبەی بە شێوەیەکی کاتی راگیراون.
پێشتر سوپای پاسداران رایگەیاند، هێرشی درۆنیان کردووەتەوە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوەندی دوبەی.