ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی سێ مژار کۆدەبێتەوە
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی دەکرێت
K24 - هەولێر
ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی سێ مژار کۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-1-2021) مژارەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاشکرا کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەنجومەنی وەزیران پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممه (13) كانوونی دووەمی 2021، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ تاووتوێكردنی مژارەكانی خوارەوە کۆدەبێتەوە:
• دەرەنجامی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری سەبارەت بە پێشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021.
• پرسی رێكخستنەوەی ئەو خزمەگوزارییانەی كه لە دەروازە سنوورییەكانی لە لایەن كەرتی تایبەتەوە پێشكەش دەكرێن.
• راپۆرتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەبارەت بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا.
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە دوێنێ ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە و گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازی کرا.
هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری و پلاندانان، ئاوات شێخ جەناب دارا رەشید، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ راپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 خستووەتەڕوو.
سەرۆکی حکومەتیش لە کۆبوونەوەکەددا ئاماژەی بەوە داوە، حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لەپێناو: رێکخستنەوەی داهاتەکان، کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان، رێکخستنەوەی میلاک، دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی رووتین لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان.
مەسرور بارزانی جەختیش دەکاتەوە لەوەی: پێویستە لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێن و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت، پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت، کە لەدوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و، ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم.
کۆرۆنا لە کوردستان
ئەوەی سەبارەت بە کۆرۆناش هەیە، ژمارەی تووشبووان بەو پەتا جیهانییە لە هەرێمی کوردستان روو لە کەمبوونەوە، بەجۆرێک دوای چەندین مانگ، دوێنێ بۆ یەکەمجار مردن بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکرا.
هـ.ر.