قایمقامی خورماتوو زانیاری لەبارەی دۆسیەی کوژرانی گەنجە کوردەکە ئاشکرا دەکات
"لیژنەیەک لە پێنج ئەفسەری ناوداری خورماتوو پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام کارەکە نهێنییە"

K24 - هەولێر
درەنگانی شەوی 5-1-2021 گەنجێکی کورد بەناوی پشتیوان کەریم لە گەڕەکێکی تورکماننشین لە خورماتوو بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا، دوای هەشت رۆژ لە کوژرانیشی، هێشتا کەس بەتۆمەتی کوشتنی دەستگیرنەکراوە.
کوشتنی ئەو گەنجە بووەتە هۆی توڕەبوونی کوردانی خورماتوو. بەگوتەی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ئێستا شەقامی کوردی لە خورماتوو فشارێکی زۆریان دروستکردووە بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی گەنجەکە و هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن.
د. حەسەن زەین عابیدین، قایمقامی خورماتوو کە لە نەتەوەی تورکمانە، لەبارەی دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە کوژرانی گەنجەکە، قسەی بۆ کوردستان24 کرد. د. حەسەن دەڵێ "ئەو کوڕە وەرزشوان بووە، کەسێکی ئاشتیخواز بووە و خەڵکی گەڕەکی رزگارییە، تیمی تایبەتی تۆپی پێی هەیە کە زۆر کاریان لەگەڵمان کردووە، تیمەکەی رۆڵێکی باشی هەبوو بۆ پەرەدان بە ئاشتەوایی لەنێو پێکهاتەکانی خورماتوو".
رووداوەکە لە پشت نەخۆشخانەی گشتیی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین روویدا، لە گەڕەکێکی تورکماننشین. پشتیوان تەمەنی 28 ساڵ بوو و لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو گیانی لەدەستدا.
قایمقامی خورماتوو باس لەوە دەکات، ئەو شوێنەی رووداوەکە لێی روویداوە، "بەداوای لێبوردنەوە بۆ ئەو قسەیەم، بەڵام ناوچەی تورکمانە. خورماتوو بۆ هەموو خەڵکەکەیەتی، بەڵام گەڕەکەکان بۆ کورد و تورکمان و عەرەب دابەشبوون بەپێی رێژە".
سەبارەت بە رێکارەکان بۆ دەستگیرکردنی بکوژ یان بکوژانی پشتیوان، قایمقامی خورماتوو جەختی کردەوە لەوەی دادوەر بڕیاری داوە و "لیژنەیەکی لە پێنج ئەفسەری ناوداری خورماتوو پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام کارەکە نهێنییە و ناوی کەسیان بە من نەداوە".
د. حەسەن باسی ئەوە دەکات هەرچەندە رێگەپێدراو نییە قسە بکات، بەڵام ئاشکرای دەکات "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە... هێشتا دەستگیرنەکراون. (لیژنە ئەمنییەکە) بۆخۆیان دەزانن بۆچی دواکەوتوون و چی بووە".
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، کاتێک سوپا و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، قەزای خورماتوو یەکێک بوو لەو شوێنانەی زۆرترین زیانی بەرکەوت و ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییانی کورد لێی ئاوارەبوون و، زۆربەی هەرەزۆری پۆستە ئیدارییەکانیش لە کورد سەنرانەوە.