پارتی کۆدەنگیی کوردی دەوێت بەرامبەر بەغدا.. شاندێکی لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبێتەوە

سبەی لەگەڵ شاندی یەکێتی و گۆڕان کۆدەبێتەوە
شاندەکەی پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات، وێنە: نەورەس عەبدوڵڵا، کورستان24
شاندەکەی پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات، وێنە: نەورەس عەبدوڵڵا، کورستان24

K24 - هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ بن بەرامبەر بەغدا، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی ئەو حیزبە لە دوێنێوە دەستی بە گەڕێکی کۆبوونەوە کردووە لەگەڵ لایەنەکان.

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی و شیوعی، بڕیارە سبەی شاندەکەی پارتی لە هەولێر بەجیا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆببێتەوە.

شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی زەعیم عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەندامیێتیی کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، پشتیوان سادق و عەلی حوسێن ئەندامانی سەرکردایەتییە. ئامانجیانە لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ بکەن بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگبوونیان لەپێناو چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا، هەروەها هەماهەنگی بکەن بۆ هەڵبژاردنی بەغدا و بابەتی دیکەی ناوخۆیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.

عه‌لی حوسێن، ئەندامی شاندەکە دوێنێ (سێشەممە، 12-1-2021) لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند "لێکتێگەیشتنی باشمان هەبوو سەبارەت بە بەغدا و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان. بەدڵنییاییەوە هەوڵدەدەین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەش خاڵە هاوبەشەکانمان کۆبکەینەوە هەم لەسەر ئاستی کوردستان، هەم لەسەر ئاستی عێراق".

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان: عێراق دەرفەتی وەرگرتووە لەو کەلێن و ناکۆکییەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە

شاندەکەی پارتی کاتژمێر 02:00ـی ئەمڕۆ گەیشتنە لای بزووتنەوەی ئیسلامی و لەگەڵ شاندی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کۆبوونەوە.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، د. عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی قسەی بۆ کوردستان24 کرد و رایگەیاند "پێشوازیان لێدەکەین، ئەوان پڕۆژە و پەیامێکیان پێیە... بەبڕوای ئێمەش پێویستە هێز و لایەنەکان ئاگایان لەیەکتر بێت و بەیەکەوە شەن و کەوی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن".

هەروەها گوتی "هەموومان دەزانین، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵۆزە و لە قەیرانیکی قوڵدایە و نەگەیشتووەتە ئەنجام، بۆیە ئەگەر هێزە سیاسییە کوردستانییەکان یەکدەست و یەکهەڵوێست بن، بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر گۆڕانکاری لە هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی عێراق و حکومەتی عێراقیش دروستدەکات. عێراق تائێستا فورسەتی وەرگرتووە لەو درز و کەلێن و ناکۆکییەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، چونکە ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆی هاوبەش نەکراوە".

شاندەکەی پارتی سبەی لەگەڵ شاندی یەکێتی و دوا نیوەڕۆی هەمان رۆژیش لەگەڵ گۆڕان لە هەولێر کۆدەبنەوە بۆ هەمان مەبەست.