پێنج وڵاتی رۆژئاوایی: دەبێت ئیسرائیل خۆی لە هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان بە دوور بگرێت

کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئیتاڵیا لە راگەیەندراویکی هاوبەشدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر بە پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەربڕی، هاوکات داوای چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەکەن و هۆشداریی توند دەدەن لە ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەرفراوان لەلایەن ئیسرائیلەوە.

دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، وڵاتانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئیتاڵیا، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بڵاو کردەوە و تێیدا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەن.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەی ئەو پێنج وڵاتەدا هاتووە: ئێمە نیگەرانین لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، و داوا لە لایەنەکان دەکەین پەیوەندییەکانیان دەستپێبکەنەوە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسیی بەردەوام.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ، ئەو وڵاتانە هۆشداریی توند دەدەنە ئیسرائیل و جەخت دەکەنەوە: دەبێت بە توندی خۆ لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و مانۆڕێکی زەمینیی بەرفراوان لەلایەن ئیسرائیلەوە بە دوور بگیرێت، چونکە لێکەوتەی وێرانکەر و درێژخایەنی بەدوادا دێت.

ئەم هەڵوێستەی ئەو وڵاتە رۆژئاواییانە لە کاتێکدایە کە ترسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە تەشەنەسەندنی زیاتری جەنگەکە و فراوانبوونی بەرەکانی رووبەڕووبوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.