ئێران پەیامی ئامۆژگاری بۆ ئیسرائیلییەکان دەنێرێت
لە چەند کاتژمێری رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی مۆبایل لە ئیسرائیل کورتەنامەیان پێگەیشتووە کە تێیدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ داوایان لێدەکرێت هاوکاریی هەواڵگریی ئێران بکەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سۆشیاڵ میدیای ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە، ناوەڕۆکی نامەکان بەم شێوەیە بووە، "کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتتان دەکات بۆ هاوکاریی لە بواری هەواڵگری، لە ئێستاوە داهاتووتان بنیاد بنێن"، ئەم نامەیە پرسیاری لای بەکارهێنەران دروست کردووە ئایا کێ لەپشت ئەم کارەوەیە، ئەمە هەڵمەتێکی سیخوڕییە یان بەشێکە لە جەنگێکی دەروونی بۆ تێکدانی باری ئەمنی ئیسرائیل.
لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئیسرائیل هۆشداریی داوە و رایگەیاند، ئەم نامانە "خراپەکاریی و چەواشەکارن"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەم پەیامانە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە، یان هاندانی بەکارهێنەرانە بۆ کردنەوەی ئەو لینکە هاوپێچانەی کە دەبنە هۆی دزینی زانیارییە کەسییەکان.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ململانێی ئەمنی و هەواڵگری نێوان تاران و تەلئەڤیڤ چووەتە قۆناخێکی نوێوە، لە مانگەکانی رابردوودا، دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل چەندین کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەکان دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە بەرامبەر پارە زانیاری کۆبکەنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم نامانە، رۆژنامەی "هارێتز"ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، هەواڵگریی ئێران سەرکەوتوو بووە لە هاککردنی سیستەمی "پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل"، بەگوێرەی راپۆرتەکە، تاران توانیویەتی دەستی بگات بە دەیان هەزار نامە و بەڵگەنامەی نهێنی و هەستیاری بەرپرسانی باڵا سەربازیی و ئەمنییەکان، لەوانەش "عامۆس یادلین" سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی سەربازی و "تامیر هیمان" سەرۆکی ئێستای پەیمانگاکە.
گرووپی هاککەری "حەنزەلە" کە بە نزیک لە ئێران دادەنرێت، زیاتر لە 99 هەزار دۆسیە و نامەی دزەپێکراوی بڵاوکردووەتەوە کە وشەی نهێنی کامێراکانی چاودێری و کۆدەکانی چوونە ژوورەوەی دامەزراوە هەستیارەکانی تێدایە.
شارەزایان پێیان وایە ئەمە یەکێکە لە مەترسیدارترین هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، چونکە نەک تەنیا زانیاری تەکنیکی، بەڵکو ئێران توانیویەتی دزە بکاتە ناو قوڵایی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەمنی" ئیسرائیل و لە میکانیزمەکانی بڕیاردان لەناو دەزگا هەواڵگرییەکان تێبگات.