ئەکیسۆس: هاوپەیمانییەکەی ترەمپ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە

سەرەڕای فشارە بەردەوامەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز، زۆربەی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی واشنتن دوودڵن لە بەشداریکردن و هەندێکیشیان بە راشکاوی داواکەیان رەت کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و راگەیاندنی سەرکەوتن.

سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتەکەی ئەکیسۆس، لە کاتێکدا بەریتانیا پلانێکی سەرەتایی بۆ پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش ئامادە کردووە، بەڵام وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن بە فەرمی ناردنی کەشتیی جەنگییان بۆ ناوچەکە رەت کردووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، باسی لە هاوکاریی پاریس کردووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن هەڵوێستی فەرەنسا تا ئێستا ناڕوونە و ماکرۆن بەڵێنی کۆتایی بە ترەمپ نەداوە.

لە لایەکی دیکەوە، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاندووە کە هیچ ئارەزوویەک لە ناو یەکێتییەکەدا نییە بۆ بەشداریکردن لەو هاوپەیمانییە و جەختی کردووەتەوە کە ئەمە جەنگی ئەوروپا نییە.

داخرانی گەرووی هورمز و گیرخواردنی نەوتی کەنداو، بووەتە گەورەترین کێشە لەبەردەم کۆشکی سپی، چونکە تا گەمارۆی ئێران بەردەوام بێت، ترەمپ ناتوانێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.

وەک کاردانەوەیەک، دۆناڵد ترەمپ نائومێدیی قووڵی خۆی لەو وڵاتانە دەربڕیوە کە ئەمریکا ساڵانێکی زۆرە دەیانپارێزێت و هۆشداریی داوە کە ئەگەر هاوپەیمانەکان هەنگاو نەنێن، دەرەنجامی زۆر خراپی بۆ داهاتووی ناتۆ دەبێت.

چاودێران دەڵێن سووکایەتییەکان و باجە گومرگییەکانی ساڵی رابردووی ترەمپ دژی هاوپەیمانەکانی، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێستا ئەو وڵاتانە ئامادە نەبن بچنە ژێر باری داواکارییەکانی واشنتن بۆ جەنگ دژی ئێران.