لە هێرشێکی ئاسمانیی پاکستاندا بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە کابول زیاتر لە 200 کەس کوژران
حکوومەتی ئەفغانستان سوپای پاکستانی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە کابولی پایتەخت. بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئەفغانستان، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە و باڵەخانەی نەخۆشخانەکەش بە تەواوی وێران بووە.
شەرافەت زەمان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکە خاپوور کراون." هاوکات زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی ئەفغانستان، گرتەی ڤیدیۆیی شوێنی رووداوەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەنێو وێرانەکاندا خەریکی کارکردنن.
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی پاکستان ئەم تۆمەتانەیان رەتکردەوە و بە بێ بنەما وەسفیان کرد. موشریف زەیدی، گوتەبێژی شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، رایگەیاند؛ هیچ نەخۆشخانەیەک لە کابول نەکراوەتە ئامانج.
وەزارەتی راگەیاندنی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەوان "بە وردی بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی گرووپە تیرۆریستییەکانیان" لە کابل و نەنکەرهار پێکاوە، تێیدا چەک و تەقەمەنی تاڵیبانی ئەفغانی و چەکدارە پاکستانییەکانی لێ کۆکراوەتەوە. جەختیشیان کردەوە، هێرشەکان بە جۆرێک بووە هیچ زیانێکی لاوەکی لێ نەکەوێتەوە.
ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە ئاڵوگۆڕی تەقە لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس. شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان چووەتە هەفتەی سێیەمەوە و بە توندترین گرژیی ساڵانی رابردوو دادەنرێت.
پاکستان، کابل تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەت "تاڵیبانی پاکستان" (TTP)، بەڵام ئەفغانستان بەردەوام ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
عەتاوڵڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان رایگەیاند؛ سوپای وڵاتەکەی 684 چەکداری تاڵیبانی کوشتووە، بەڵام حکوومەتی تاڵیبان ئەم ژمارەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند؛ زیانەکانی ئەوان زۆر کەمترە و لە بەرامبەردا زیاتر لە 100 سەربازی پاکستانییان کوشتووە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە تاڵیبان کردووە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر چڕتر بکاتەوە، بێ ئەوەی بە راستەوخۆ ناوی پاکستان لە بڕیارنامەکەدا بهێنێت.