ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی بەسیجی لە تاران راگەیاند

غولام رەزا سولەیمانی
غولام رەزا سولەیمانی

ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان، هێرشێکی ئامانجدار و سەرکەوتوویان لە ناوەندی تاران ئەنجامداوە و تێیدا "غولام رەزا سولەیمانی"، فەرماندەی هێزەکانی بەسیجیان کوشتووە.

ئەدرەعی ئاماژەی بەوە کرد، غولام رەزا سولەیمانی لە 6 ساڵی رابردوودا فەرماندەیی رێکخراوی بەسیجی کردووە. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتیشی، هێزەکانی بەسیج بەشێکی سەرەکین لە هێزە چەکدارەکانی رژێمی ئێران و لە کاتی خۆپیشاندانە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا، بەتایبەتی لەم دواییانەدا، رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی توندوتیژیی "دڕندانە" و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ دژی مەدەنییەکان.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، کوژرانی ئەم فەرماندەیە درێژکراوەی زنجیرەیەک کردەی سەرکەوتووە بۆ لەناوبردنی دەیان سەرکردەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمەش گورزێکی توندە بۆ سیستمەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ئەمنیی تاران.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەفیخای ئەدرەعی دووپاتی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی کردە سەربازییە بەهێزەکانی دژی سەرکردەکانی رژێمی ئێران.

ئەو راگەیەندراوەی ئەفیخای ئەدرەعی لە کاتێکدایە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا میدیاکانی ئیسرائیل کوژرانی چەندین سەرکردەی سەربازییان راگەیاند کە لەنێوانیاندا عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەیە بەڵام تا ئێستا ئێران پشتڕاستی نەکردووەتەوە.