سوپای پاسداران: رێگەمان بە 30 کەشتی داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن
بەرپرسێکی هێزی دەریایی لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کە لە دوێنێ شەوەوە رێگەیان بە 30 کەشتی داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن، بەڵام جەختی کردەوە هێشتا رێگری لەو کەشتییانە دەکرێت کە سەر بە دوژمنن.
پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری بەرپرسێکی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە گواستییەوە: "ئێران لە دوێنێ شەوەوە رێگەی بە 30 کەشتی داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن."
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە کەشتیی دوژمنان نەگۆڕاوە و رێگەیان پێنادرێت لە گەرووی هورمز تێپەڕ بن"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر جۆری کەشتییەکان یان وڵاتەکانیان ئاشکرا بکات.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "بلومبێرگ" رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە 9 کەشتی بارهەڵگری نەوت و گاز بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بوون، ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لەو کەشتییانە هێشتا لە ناو هێڵی گەمارۆی ئەمریکادان کە لە گەرووەکەدا سەپێنراوە.
گەرووی هورمز لە مانگی ئازاری رابردووەوە رووبەڕووی ئاڵۆزییەکی گەورە بووەتەوە و بووەتە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی و دەریایی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، لە لایەکەوە ئێران گەرووەکەی داخستووە و لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر ئێران، ئەم دۆخەش هۆکاری کەمبوونەوەی نەوت و گازە لە جیهاندا، هاوکات نرخی وزەش بەرزبووەتەوە.