مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق نەکردووە

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ شەونخوونییان لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەشدا، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەڵام هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو ململانێیانە و مەترسیش نییە بۆ سەر ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ.

سەرۆکوەزیران بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانەی کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت حکوومەتی فیدراڵی دەکەین رێگری لەو هێز و گرووپە لەیاسادەرچووانە بکەن. حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسە لە راگرتنیان، چونکە بەشێک لەوانە مووچەخۆری حکوومەتی فیدراڵین و لەلایەن ئەوانەوە پڕچەک دەکرێن."

مەسرور بارزانی، سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد بۆ خستنە خوارەوەی ئەو درۆن و مووشەکانەی ئاراستەی هەولێر کراون، هەروەها سوپاسی پاڵپشتی دۆست و هاوپەیمانانیی کرد

پەرۆشی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و پرسی مووچە

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پرسی نەوت و ئابووری و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ لایەنێک هێندەی حکوومەتی هەرێم پەرۆشی چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری و هەناردەکردنەوەی نەوت نییە.

روونیشیکردەوە، هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێم بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و داوای لە بەغدا کرد ئەو هێرشانە بوەستێنرێن.

سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە "بەغدا خۆی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێگەی دادگاوە  نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت بۆیە گوناهی هەرێم نییە کە نەوت وەستاوە. ئەو بڕە نەوتەی عێراقیش کە بڕیارە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت، سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناکاتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت". 

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانیش، سەرۆکوەزیران رایگەیاند: "نابێت مووچە بە هیچ شێوەیەک بکرێتە کارتی سیاسی و دوابخرێت. خەڵکی کوردستان هاوشێوەی سەرجەم عێراقییەکان شایستەی ئەوەن مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێبدرێت."

 ئاشکراشی کرد کە پێشنیازی گونجاویان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و چاوەڕێی کۆبوونەوە و گەیشتن بە ڕێککەوتنی هاوبەشن.

هەرێمی کوردستان مەترسی نییە بۆ دراوسێکان

سەبارەت بەو دڵنیاییەی دەدرێتە وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێتە مەترسی بۆ سەریان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە باشترین گەرەنتی بۆ ئەو وڵاتانە، رەفتار و کردەوەکانی حکوومەتی هەرێمە. ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە هیچ جۆرێک هەڕەشە نەبووە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ و لە داهاتووشدا نابینە هەڕەشە، ئەمەش خۆی باشترین بەڵگەیە."

سیستمی گومرگی (ئەسیکۆدا) و ئاسایشی خۆراک

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کێشەی دەروازە سنوورییەکان و سیستمی 'ئەسیکۆدا'، مەسرور بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمەکەدا نییە، بەڵام پێویستی بە کاتە (بۆ ماوەی 9 مانگ) تا جێگیر دەکرێت.

رەخنەشی لە بەغدا گرت کە بەو بیانووەوە رێگری لە بازرگانی و تەرخانکردنی دۆلار بۆ بازرگانانی هەرێم دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا کە حکوومەت پلانی پێشوەختەی هەیە و هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی ئاسایشی خۆراک نابێت.

پەیامێک بۆ لایەنە سیاسییەکان

مەسرور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای یەکڕیزی و هەڵوێستی نیشتیمانیی لێکردن. گوتیشی: "داوا دەکەم بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان. بە تویتێک و دوو قسە کێشەکان چارەسەر نابن، بەڵکو پێویستمان بە هەڵوێستی جددییە بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان."

سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی مانگی رەمەزان و جەژنەکانی نەورۆز و رەمەزانی لە سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان کرد و هیوای خواست ئەم بۆنانە ببنە مایەی خێر و ئاشتی بۆ وڵات.

 

 

دەقی قسەکانی مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا:

رۆژتان باش

ئێمە ئەمڕۆ هاتین بۆ ئێرە لە پارێزگای هەولێر سەردانی ژووری ئۆپەراسیۆن بکەین بۆ بەسەرکردنەوەیان و دڵنیابوون لەوەی کە ئینشەڵڵا شاری هەولێر و کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئارامدایە و ئینشەڵا سەقامگیری و ئاسایش لە کوردستان بەردەوام دەبێت.

من سوپاسی جهود و خەمخۆری و شەونخوونیی هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەکەم کە بەڕاستی بە هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە رەفتاریان کردووە، هێزەکانی پێشمەرگە و زێرەڤانی و پۆلیس و ئاسایش و هێزەکانی ئەمنی و بەرگری شارستانی و دائیرەکانی خزمەتگوزاری و تەندروستی و هەموو ئەو بەڕێزانەی کە شەو و رۆژ خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی نەهێڵن خوا نەخواستە هیچ کەمتەرخەمییەک رووبدات، و خەڵکی ئێمە دەبێت دڵنیابن کە ئێمە هەمیشە لە خەمی وەزعی ئەوانداین و هەرچی پێمان بکرێت بۆ باشترکردنی وەزعەکە و بۆ ئەوەی کوردستانمان پارێزراوبێت دەیکەین.

هەر وەکوو پێشتریش لە خۆشی و ناخۆشی پێکەوە بووین، ئێستاش پێکەوە دەبین، مان و مردنمان پێکەوە دەبێت و ئینشەڵا ئاسۆیەکی گەش و ئاشتی و سەقامگیری چاوەڕێی وڵاتەکەمان دەکات و دەمەوێت خەڵکی کوردستان هەموو دڵنیابن کە ئێمە بە هەموو توانایەکی خۆمان هەوڵ دەدەین کە کوردستانمان پارێزراوبێت، خەڵکی ئێمە پارێزراوبێت.

هەرچەندە ئێستا ناوچەکەمان بە شەڕێکدا تێدەپەڕێت کە ئەم شەڕە نە ئێمە دەستمان پێکردووە، نە دەتوانین بیشی وەستێنین، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین کە کوردستانمان پارێزراوبێت و خەڵکی ئێمە پارێزراوبێت.

من هەروەها دەمەوێت پیرۆزبایی مانگی رەمەزان و هاتنی جەژنی رەمەزان و جەژنی نەورۆزیش لە هەموو خەڵکی کوردستان و موسڵمانان پیرۆز بکەم، هیوادارم کە جەژنی خێر و خۆشی بێت و ئینشەڵڵا خێر و بەرەکەت روو لە وڵاتەکەمان بکات و گرژی و ناخۆشیش بەرەو کۆتایی بڕۆن ئینشەڵڵا.

ئەم شەڕەی کە ئێستا هەیە بێگومان کاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستانیش هەبووە، بەڵام هەروەک باسم کرد، ئێمە بەشێک نەبووین لەم شەڕە، و دەمانەوێت کوردستانمان پارێزراوبێت، هەرچەندە هەندێک جار بەداخەوە پەلاماری کوردستان دراوە بە درۆن و بە مووشەک، کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت وە هەرێمی کوردستان نە مەترسییە بۆ سەر کەسێک، نە بەشێکە لە هیچ پلانێک و مەترسییەک بۆ هیچ لایەنێک.

 بۆیە داوا دەکەین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە حکوومەتی فیدراڵی کە رێگری بکەن لەو کەسانەی پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن، بەتایبەتی ئەو هێز و گرووپە لەیاسادەرچووانەی کە بە درۆن بەردەوام پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن، ئەمە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسە بە راگرتنی ئەمانە، بە سنووردانان بۆ ئەمانە، چونکە بەشێک لەمانە مووچەخۆری حکوومەتی فیدراڵین لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە پڕچەک و پارەدار کراون و ئێستا چاوەڕوانی ئەوە لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆیاندا بن و نەهێڵن چیتر ئەم گرووپانە بەم شێوەیە پەلاماری کوردستان بدەن.

سوپاسێکی زۆری هاوپەیمانان دەکەین کە بەڕاستی دەورێکی یەکجار زۆرباشیان هەبووە لە خستنەخوارەوەی ئەو درۆن و مووشەکانەی کە ئاراستەی بەتایبەتی شاری هەولێر دەکرێن، و سوپاسی پشتیوانیی هەموو دۆستەکانمان دەکەین کە لەگەڵمان وەستاون و ئێمەش بەردەوام دەبین لەوەی کە پارێزگاری لە دەستکەوت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین.

دەمەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیابن لەوەی کە ئێمە هەرچیمان پێبکرێت دەیکەین بۆ پاراستنیان و سوپاسی خۆڕاگری و ماندووبوونی هەموولایەکیش دەکەم، سەرەخۆشی لە ماڵە شەهیدان دەکەم، سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەکەم چی ئێستا چی پێشووتر کە بۆ بەرگریکردن و پاراستنی هەرێمی کوردستان خوێنیان بەخشیوە، تەمەننای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم و هیوادارم بە زووترین کات ئەوانیش چاک ببنەوە و سوپاسی ماندووبوونی خەڵکی کوردستانیش دەکەم کە تەحەمولێکی زۆریان کردووە بەتایبەتی زۆرجار پارچەی ئەو مووشەک و درۆنانەی کە لێدەدرێن دەکەونە خوارەوە بەر ماڵان دەکەون، هیوادارم ئەوانیش ئینشەڵا هەرچی ئەگەر ئێمە پێمان بکرێت بۆ یارمەتیدانیان پەیوەندیمان پێوەبکەن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر یارمەتی ئەوانیش بدەین.

لەو ماوەیەدا بابەتێکی تر هەبوو کە دەمویست لەسەر ئەویش چەند خاڵێک هەیە باسی بکەم، بابەتی هەناردەنەکردنی نەوتە بۆ دەرەوە کە لەم دوو سێ ڕۆژەی رابردوو بینیمان چەندین بەیاننامە دەرچوون، هەم لەلای حکوومەتی فیدراڵییەوە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە هەم لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەوەی راستی بێت من دەمەوێت بۆ خەڵکی کوردستان شی بکەمەوە و راستی بکەمەوە کە ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەموو کەسێک پەرۆشی وەزعی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستانین، پەرۆشی بابەتی مووچە و دابینکردنی بژێویی ژیانی خەڵکی کوردستانین، هیچ کەسێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر خەمخۆری ئەم بابەتە نەبووە و نییە.
بۆیە ئێستاش من دووپاتی دەکەمەوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردەی دەرێ بکرێت، بەڵام هەندێک راستی هەیە دەبێ بگوترێت.

حکوومەتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی کە دەینارد بە چەندین ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە بووە، کە چوار بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل بووە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، حودوودی 220، 230 تا 250 هەزار بەرمیلە، ئەوەی تر کە حکوومەتی عێراق داوا دەکات لە کەرکووکەوە بە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ جیهان و بە رێگەی تورکیاوە هەناردە بکرێت با ئەویش 250، 300 هەزارێکی تر بێت لەوە زیاتر نییە، بە هەموویەوە ناکاتە نیو ملیۆن بەرمیل کە ئەمە بە هیچ جۆرێک قەرەبووی ئەو نەوتە ناکات کە عێراق تا ئێستا نەی توانیوە بە رێگەی ترەوە هەناردە بکات، هیوادارین ڕێگە هەبێت کە حکوومەتی عێراق بتوانێ نەوتی خۆی لە هەموو شوێنێک هەناردەی دەرێ بکات، هەرێمی کوردستان رێگر نییە، هەرێمی کوردستان تەنیا داوای ئەوەی کردووە کە گەرەنتی هەبێت کە ئێمە بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت بەرهەم بێنین، بەداخەوە لەو ماوەیەی رابردوو بەهۆی بۆردوومانکردنی کێڵگە نەوتی و غازی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی نەوت و غاز وەستاوە تا حەدێکی زۆر کەمی کردووە.

 ئەمە خەتایەکە خەتای ئەو پەلاماردانەیە، خەتای ئەو هەموو هێرشانەیە کە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگانە، داوامان لە حکوومەتی فیدراڵی کردووە هێرشی سەر ئەم کێڵگانە بوەستێ بۆ ئەوەی نەک تەنیا نەوتی کەرکووک بەڵکوو نەوتی کێڵگەکانی تری هەرێمی کوردستانیش ئیزافە بکرێ و هەمووی پێکەوە هەناردە بکەین.

لە لایەکی ترەوە داوامان کردووە کە بژێویی ژیانی خەڵکی کوردستان دابین بکرێ، بابەتی مووچە نەبێ بە کارتێکی سیاسی هەمیشە دوابخرێ، خەڵکی کوردستان وەکوو هەموو خەڵکی عێراق شایستەی ئەوەیە کە ئەبێ مووچەکانیان لە کاتی خۆیاندا دابین بکرێن و هیوادارین حکوومەتی عێراقیش لە ئاستی بەرپرسیارێتیی خۆیدا ئەم کارانە بکات. 

ئێمە تەنیا داوای میکانیزمی گونجاومان کردووە، داوای گەرەنتیمان کردووە کە بەیەکەوە بتوانین گفتوگۆ بکەین بۆ چارەسەرکردنی گشت ئەو پرسانەی کە ئێستا هەن، ئینجا پێویست ناکات هیچ کەسێک هیچ لایەنێک بەڕاستی موزایەدەمان بەسەرەوە بکا یانیش بەیانی تەهدید و بە جۆری بە زمانێکی تر قسەمان لەگەڵ بکات، ئێمە پەرۆشی ئەم وەزعەین و دەمانەوێ هەم وەزعی عێراق هەم وەزعی کوردستان لەم قەیرانە ئابوورییە دەرباز بێت و ئێمە پێشنیازیشمان هەبووە، پێشنارەکانی خۆشمان ئاراستەی سەرۆکوەزیران لە حکوومەتی فیدراڵیدا کردووە و چاوەڕێی ئەوەین کە کۆبوونەوەش بکرێت، هیوادارم ئەمڕۆ ئەم کۆبوونەوەیە بکرێت بۆ ئەوەی ئێمە بگەین بە ئەنجامێکی هاوبەش تاکوو بتوانین لەو قەیرانە دەرباز ببین بە تەواوی ئینشەڵڵا.

لە سەر وەزعی ناوخۆش من جارێکی تر داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەم کە پشتیوان بن و یەکڕیز بن، بۆ جارێکیش بێ هەستێکی نیشتیمانپەروەرانەیان هەبێت، هەموو بەیەکەوە ئێمە بتوانین لەو قەیرانە دەرباز ببین، بە قسە هیچ شتێک چارەسەر نابێت، دەبێ هەڵوێستی جدییان هەبێ لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندان و هیوادارم بەرژەوەندیی باڵای وڵات و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بخەنە سەر بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی خۆیانەوە و هیچ پاساوێکیش نییە کە ئێستا لەم کاتەدا خەڵکی کوردستان هێزە سیاسییەکان نەتوانن بەیەکەوە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن بەتایبەتی ئەو مافە دەستوورییانەی کە هەموومان پێویستە ئێستا داکۆکییان لێ بکەین. 

جارێکی تر سوپاسی هەموو لایەکتان دەکەم هیوادارم هەر سەرکەوتوو بن و دەمەوێ دڵنیاییش بە خەڵکی کوردستان بدەم ئینشەڵا ئێمە زۆر گەش بینین وە هیوادارم ئەوانیش دڵنیابن لەوەی کە ئاسۆیەکی ڕوون لە پێشمانە ئینشەڵا.

 دەقی تەواوی قسەکانی سەرۆکوەزیران و رۆژنامەنووسان

رۆژنامەنووسی یەکەم: دوو پرسیارم هەیە جەنابی سەرۆک، یەکەمیان باسی هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەی نەوت لەگەڵ بەغدا کرد، بەڵام چی لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدایە، گەیشتوونەتە چییە؟ پرسیاری دووەمیشم، بەتایبەتی لە بابەتی ئاسایشی خۆراک، دەبینین ناوچەکە لە دۆخێکی زۆر هەستیار و جیاوازدایە، رێوشوێنی زۆر توند لە گەرووی هورمز گیراوەتەبەر، جەنابتان چ دڵنیاییەک دەدەنە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئاسایشی خۆراک؟

سەرۆکوەزیران: لەسەر بابەتی ئەسیکۆدا، ئەمە سیستەمێکە بۆ بەستنەوەی دەروازەکانی سنووری و بابەتی گومرگ. کە ئەمە سیستەمێکە ئێمە هیچ کێشەمان لەگەڵ سیستەمەکە نییە کە دەبێت جێگیر بکرێت. حکوومەتی عێراق سێ ساڵی پێچوو تاکوو بتوانێت سیستەمەکە لە هەندێک لە شوێنەکان جێگیر بکات کە هەرچەندە تاکوو ئێستاش لە هەموو شوێنەکان جێگیر نەکراوە، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پێویستە، ئێمە رەزامەندیمان دەربڕیوە و رازیش بووین لەسەر ئەوەی کە ئەو سیستەمە لە کوردستاندا جێگیر بکرێت. بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت بە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بێت، کە ئەمە کاتی دەوێت. ئەوەی ئێمە داوامان کردووە لە حکوومەتی فیدراڵی کاتمان پێ بدەن، کاتمان پێ بدەن کە وا بزانم داوای نۆ مانگێک کراوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو سیستەمە جێگیر بکەین.

واتە ئەوەی کە ئێستا حکوومەتی بەغدا دەیکات بەڕاستی هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی رێگە نەدات هیچ بازرگانییەک لە سنوورەکانی ئێمەدا بکرێت، وە دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن دەرمانە، خواردنە، کەلوپەلی ترە، داخلی بکەن بە بیانووی ئەوەی کە سیستەمی ئەسیکۆدا تاکوو ئێستا جێگیر نەکراوە. ئێمە ڕازین لەسەر جێگیرکردنی سیستەمەکە، بەڵام داوای درێژکردنەوەی کاتمان کردووە، وە هیوادارین چۆن ئێمە لە ئاستێکی بەرپرسیارێتیدا رەفتار دەکەین، حکوومەتی فیدراڵیش بەم جۆرە بەم شێوازە رەفتار لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکات.
سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، من لە قسەکانی خۆمدا گوتم کە ئێمە بیرمان لەوە کردووەتەوە و لە خودا بە زیاد بێ هیوادارم تووشی کێشە و قەیرانی خواردن و ئاسایشی خۆراک نەبینەوە ئینشائەڵڵا. حیسابی ئەوەمان کردووە بۆ ماوەیەک بتوانین پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکەین.

رۆژنامەنووسی دووەم: سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە چییە؟

سەرۆکوەزیران: هەموو وڵاتانێک کە پێویستیان بە نەوتە حەز دەکەن کە نەوت بڕوات. وە ئێمەش لەگەڵ ئەوەین کە نەوت بڕوات. ئەمریکاش پێی خۆشە کە ئێستا نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، تاکوو زیاتر نەوت بخرێتە بازاڕی جیهانی، بەشکەم تا حەددێک لە نرخی نەوتەکە کەم بکرێتەوە. کە بەتایبەتی وڵاتانی کە نەوت دەکڕن داوای کەمکردنەوەی نرخەکە دەکەن، ئەمریکا لەگەڵ ئەوەیە نەوتی زیاتر داخلی بازاڕ بکرێت.

رۆژنامەنووسی سێیەم: لەبارەی ئەوەی ئایا چۆن دڵنیایی دەدەنە دراوسێیەکانتان کە هەرێمی کوردستان نابێتە مەترسی بۆ سەریان؛ پرسیاری دووەمیش کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگی ستراتیژی لە چەند ساڵی رابردوودا دروستکراون لە بواری پیشەسازی، تا چەند دەتوانرێت لەو قەیرانانە خواستەکانی بازاڕ پڕ بکاتەوە؟

سەرۆکوەزیران: ئێمە رەفتارەکانمان باشترین گەرەنتییە. هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە هیچ جۆرێک هەڕەشە نەبووە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ. وە گوتووشمانە ئێمە نابین بە هەڕەشە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ. وا بزانم ئەمە خۆی باشترین بەڵگەیە، رەفتارەکانی ئێمە، کردەوەکانی ئێمە، باشترین بەڵگەن کە ئێمە مەترسی نین بۆ هیچ لایەنێک وە ئێمە لەو ماوەیەی رابردووش هەوڵێکی جددییمان داوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پێداویستییە ناوخۆییەکان هەر لە هەرێمی کوردستان دابین بکەین تا حەددێکی زۆر، توانیومانە دەستکەوتی باش بەدەستبهێنین بەڵام هەموو شتێکیش مەرج نییە کرابێت. بەتایبەتی لەو ماوە کورتە لە ئاستی طموحی ئێمەدا نەبووە بەڵام دەتوانم بڵێم تا رادەیەکی زۆر توانیومانە زۆر شت دابین بکەین بەتایبەتی لە ئاسایشی خۆراک، ئینشائەڵڵا تووشی کێشە نابین.

رۆژنامەنووسی چوارەم: پرسیاری یەکەم، گفتوگۆکانتان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوامە بەتایبەتی دەربارەی مووچە و بوودجە و گەیشتوونەتە بە کوێ؟ چونکە لە دانیشتنەکان و کۆبوونەوەکان بەردەوامی هەیە. پرسیاری دووەمیشم، تا چەند لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن لەم بارودۆخەدا؟

سەرۆکوەزیران: جاری با بە بیرتان بهێنمەوە. ئێمە نەبووین کە هەناردەنەکردنی نەوتمان وەستاند، حکوومەتی بەغدا بوو. یانی پێش ئێستاش حکوومەتی بەغدا بۆ چەند ساڵێک هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی وەستاند بە حوکمی ئەوەی کە بابەتی یاسایی و مەحکەمە و ئەو دادگای فیدراڵی، ئەو شتانەیان هێنایە مەوزوعەکە. هەرچەندە هەرێمی کوردستان لەو کاتەوە پێداگری کردووە کە دەبێت نەوتی هەرێمی کوردستان و نەوتی عێراق بڕوات. وە ئێمە پێشبینی ئەوەشمان دەکرد ئەگەر قەیرانێک دروستببێت وە گەرووی هورمز دابخرێت، هەر پێویستە بەم رێگەیەدا نەوت هەناردە بکرێت. بەڵام بەداخەوە حکوومەتی بەغدا لەو وەختەوە یارمەتیدەر نەبوو بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین رێگەیەکی گونجاو پەیدا بکەین. بەڵام لەم ماوەیەش، بەحوکمی ئەوەی کە ئەم وەزعەی هاتووتە پێشەوە، ئێمە دیسانیش دەڵێین، ئێمە ئامادەین باشترین هاوکار بین لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، بەڵام دەبێت حکوومەتی بەغداش بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. ئەوانیش مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکوو مافی هەموو خەڵکی تری عێراق لەبەرچاو بگرن و جێبەجێی بکەن. وە ئەم ئابڵۆقەیەی کە بە ناحەق لەسەر خەڵکی کوردستان هەیە لایبەن. ئەمە راستە دوو بابەتی جیاوازن، بەڵام هەردووکیان بەستراونەتەوە بە ژیانی خەڵکی کوردستانەوە، بە ژیانی خەڵکی عێراقەوە. وە عێراق خۆی لە قەیرانێکی گەورەی ئابووریدایە دەژی ئێستا. مەسەلە تەنیا هەرێمی کوردستان نییە، هەموو عێراق لە قەیراندایە. وە دەمانەوێت حکوومەتی عێراق ئامادەبێت لەگەڵ ئێمە هاوکار بێت بۆ ئەوەی بتوانین رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە ئامادە بکەین.

سەرۆکوەزیران لە بارەی پرسیاری دووەم: وەڵڵاهی هیوادارم ئەو پرسیارە لەو لایەنە سیاسییانە بکەن. هیوادارم هەموو لایەکیان پاڵپشت بن چونکە ئەمە بابەتێکی حزبی نییە، ئەمە بابەتێکی نیشتمانییە. ئەمە ژیانی هەموو خەڵکی کوردستانی پێوە بەستراوەتەوە. بە تویتێک و بە دوو قسە هیچ چارەسەرێکی ئەم کێشانە ناکرێت، دەبێت هەڵوێستی جددییان هەبێت لە بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. زۆر زۆر سوپاستان دەکەم، دەستان خۆش بێت.