نەتەوە یەکگرتووەکان: برسێتی هەڕەشە لە ژیانی 45 ملیۆن کەس دەکات

بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا و داخستنی گەرووی هورمز کە سێیەکی پەینی کشتوکاڵیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر رێگریی لەم دۆخە نەکرێت، زیاتر لە 45 ملیۆن کەسی دیکە لە جیهاندا دەکەونە ناو بازنەی برسییەتییەوە.

ئێران بۆ ماوەی چەند مانگێکە گەرووی هورمزی کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتی رابردوو لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستی پێکردووە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی پەکخستنی بازرگانییەکی گرنگ کە بۆ جووتیارانی جیهان لە کاتی پێشبڕکێیان لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی چاندندا، بڕبڕەی پشتی بەرهەمهێنانە.

خۆرخی مۆریرا دا سیلڤا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی پرۆژەی خزمەتگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNOPS) و سەرۆکی تیمی کارای تایبەت بەم پرسە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند: "تەنیا چەند هەفتەیەکمان لەبەردەمدایە بۆ رێگریکردن لەوەی کە رەنگە ببێتە کارەساتێکی مرۆیی گەورە." هۆشداریشی دا کە "رەنگە قەیرانێک روومان تێبکات کە 45 ملیۆن کەسی دیکە بەرەو برسییەتی و نەبوونی خۆراک بەرێت."

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئاداردا گرووپێکی کارکردنی پێکهێنا بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک کە رێگە بدات پەین و کەرەستە خاوەکانی پەیوەست بە کشتوکاڵ، وەک ئەمۆنیا، گۆگرد و یوریا لەو گەرووەوە تێپەڕ ببن.

مۆریرا دا سیلڤا ماوەی چەند هەفتەیەکە کار دەکات بۆ رازیکردنی لایەنە ناکۆکەکان تاوەکو رێگە بە تێپەڕبوونی چەند کەشتییەک بدەن، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ نوێنەرانی زیاتر لە 100 وڵات کۆبووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتیی بۆ ئەو میکانیزمە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان پشتگیری لە پلانەکە دەکەن، بەڵام هێشتا ئەمریکا و ئێران، لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کە بەرهەمهێنەری سەرەکیی پەینن، بە تەواوی رەزامەندییان نیشان نەداوە.

هەرچەندە ئامانجی کۆتایی گەیشتنە بە رێککەوتنێک بۆ "ئاشتییەکی بەردەوام" و دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی بۆ هەموو کاڵاکان، بەڵام دا سیلڤا دەڵێت: "کێشەکە ئەوەیە وەرزی چاندن چاوەڕێ ناکات،" چونکە وەرزی چاندن لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا کۆتایی دێت.

لە کاتێکدا سەرنجی جیهان زیاتر لەسەر کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەککەوتنی بازرگانیی نەوت و گازە، نەتەوە یەکگرتووەکان زەنگی مەترسیی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانیی لێدەدات، بەتایبەت بۆ وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا کە زیاترین زیانیان پێدەگات.

ئیرادەی سیاسی

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (UNOPS) ئاشکرای کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت لە ماوەی حەفت رۆژدا ئەو میکانیزمە کارا بکات، بەڵام تەنانەت ئەگەر گەرووەکە ئێستاش بکرێتەوە، سێ بۆ چوار مانگی پێویستە تاوەکو دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.

مۆریرا دا سیلڤا گوتیشی: "ئەوە تەنیا کاتە. ئەگەر بە زوویی رێگری لە سەرچاوەی قەیرانەکە نەکەین، ناچار دەبین لە رێگەی هاوکاریی مرۆییەوە مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکانیدا بکەین."

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە نرخی خۆراک هێشتا بە تەواوی بەرز نەبووەتەوە، بەڵام تێچووی پەین "زیادبوونێکی گەورەی" بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بە گوتەی پسپۆڕان دەبێتە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و دواتر بەرزبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی نرخی خۆراک.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، تێپەڕبوونی تەنیا 5 کەشتیی پەین و کەرەستە خاوەکان لە رۆژێکدا دەتوانێت رێگری لەو قەیرانە بکات کە رووبەڕووی جوتیاران دەبێتەوە. دا سیلڤا جەختی کردەوە کە تەنیا شتێک کە ئێستا نییە "ئیرادەی سیاسییە."

لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ناکرێت کات بکوژین لەسەر ئەو شتانەی دەکرێت ئەنجام بدرێن و کارێکی بەپەلەن، کە ئەویش رێگەدانە بە تێپەڕبوونی پەین لە گەرووەکەدا، تاوەکو مەترسییەکانی ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان کەم بکرێنەوە."

لە 28ی شوباتەوە و هاوکات لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو گەرووە ستراتیژییە بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی ئێرانەوە. ئەم رێکارەی تاران بووەتە هۆی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی و گرانبوونی سووتەمەنی و چەندین کاڵای دیکە کە ناچارن بۆ تێپەڕبوون رێڕەوی قورستر و دوورتر بگرنە بەر کە تێچووی زیاترە و ئەوەش بە شێوەیەکی راوستەخۆ کاریگەریی لەسەر نرخیی کاڵاکان هەبووە.