ترەمپ: لە جەنگی دژی ئێران پێویستمان بە هاوکاریی هیچ وڵاتێک نییە
سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە، واشنتن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جەنگە و پاراستنی گەرووی هورمز، پێویستی بە هاوکاریی هاوپەیمانێتیی ناتۆ و هیچ وڵاتێکی دیکە نییە. گوتیشی: ئێران بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی خۆی پێویستی بە 10 ساڵ دەبێت.
سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە سوپا، هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لە نێو ببەن، بۆ ئەم ئەرکەش پشتمان بە هیچ وڵاتێک یان هاوپەیمانێتییەک نەبەستووە.
ترەمپ ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکانی ئێران کرد و گوتی: سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانمان لە سەرجەم ئاستەکاندا کردووەتە ئامانج و لەناومان بردوون، هەورەها لە ئۆپەراسیۆنی دوێنێدا یەکێک لە گرنگترین سەرکردەکانی ئێران کوژرا.
سەبارەت بە ژێرخانی ئابووری و وزەی ئێران، ترەمپ هۆشداریی دا کە دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کورتدا وێستگەکانی کارەبای ئێران خاپوور بکەن و گوتیشی: "ئێمە دەتوانین ژێرخانی وزەی دوورگەی خارک لەناو ببەین، بەڵام تا ئێستا ئەو کارەمان نەکردووە. ئێستا ئێران هیچ شتێکی بەدەستەوە نەماوە و ناتوانێت هیچ کاردانەوەیەک نیشان بدات، ئەگەر هەر ئەمڕۆش جەنگ کۆتایی پێ بهێنین، ئێران پێویستی بە 10 ساڵە بۆ ئەوەی دووبارە خۆی بنیات بنێتەوە."
بە گوتەی ترەمپ، ئەمریکا لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت، بەڵام ئێستا ئامادە نین بکشێنەوە، ئاماژەی بەوەش دا، کە لەم جەنگەدا واشنتن پشتیوانییەکی فراوانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدەستهێناوە و هیوای خواست سەرکردایەتیی داهاتووی ئێران کەسانی لێهاتوو بن و وڵاتەکە بەرەو خۆشگوزەرانی ببەن.
بەشێکی زۆری لێدوانەکانی ترەمپ تەرخان کرابوو بۆ هێرشکردنە سەر ناتۆ، وڵاتانی وەک ژاپۆن، ئوسترالیا و کۆریای باشوور. هاوکات رایگەیاند: کە ئەمریکا چیدی پێویستی بە هاوکاریی هیچ کام لەو وڵاتانە نییە بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز یان بەڕێوەبردنی جەنگەکان.
ترەمپ گوتی: "زۆربەی هاوپەیمانانی ناتۆ پێیان راگەیاندووین کە نایانەوێت دەستتێوەردان لە جەنگی دژی ئێران بکەن. ئەوان پێمان دەڵێن 'ئەوەی ئێوە دەیکەن زۆر نایابە، بەڵام ئێمە یارمەتیتان نادەین'. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوان هاوڕان لەسەر ئەو هەنگاوانەی بەرامبەر ئێران گرتوومانەتە بەر."
سەرۆکی ئەمریکا بڕیارەکەی ناتۆی بە "هەڵەیەکی کوشندە" وەسف کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئەمریکا ترلیۆنان دۆلاری بۆ ناتۆ خەرج کردووە، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون یارمەتیی واشنتن بدەن.
لە پەراوێزی قسەکانیدا بۆ سەلماندنی رۆڵی سەرەکیی وڵاتەکەی، ترەمپ باسی لە قەیرانی ئۆکرانیا کرد و گوتی: "ئەگەر یارمەتیی ئۆکرانیامان نەدایە، ئەو وڵاتە لە یەک رۆژدا کۆتایی دەهات. ئەو باشترین کەرەستە سەربازییانەی هەیانبوو، هەمووی لە لایەن ئەمریکاوە بۆیان نێردرابوو."
سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری ناوەندیی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا، ترەمپ بە کەمکردنەوەی پێگەی ئەو بەرپرسە وەڵامی دایەوە و گوتی: "نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەیم خوێندەوە. هەمیشە گوتوومە ئەو کەسێکی باشە، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە کەسێکی زۆر لاواز و بێتوانا بوو، بۆیە شتێکی باشە کە دەستی لەکار کێشاوەتەوە."
ترەمپ دووپاتی کردەوە، کە شوێنی ئەو کەسانە لە حکوومەتەکەیدا نابێتەوە کە پێیان وایە ئێران هەڕەشە نییە، و گوتی: "ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی جیهان و هەموو وڵاتێکیش ئەو راستییە دەزانێت."
هەروەها بەرگریی لە بڕیاری کشانەوەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئەو لەو رێککەوتنە نەکشابایەوە، ئەوا چوار ساڵ لەمەوبەر جەنگێکی وێرانکەری ئەتۆمی هەڵدەگیرسا.
پێچەوانەی گرژییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان، ترەمپ باسی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین کرد و ئاشکرای کرد: "ئێستا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ چین هەیە، بە تایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، چین زۆر جیاوازە لە رابردوو، پەیوەندییەکی کاریی زۆر باشمان لەگەڵ وڵاتەکە هەیە و بڕیارە دوای پێنج بۆ شەش هەفتەی دیکە، لوتکەیەک لە نێوان من و سەرۆک شی جینگ پینگ بەڕێوە بچێت."