پۆلیتیکۆ: ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دەکات

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە ئەوروپا دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نوێترین راپرسی دەریدەخات زۆرینەی گەلی ئەمریکا دژی جەنگی ئێرانن و نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.

هەینی 1ـی ئایاری 2026، بەپێی راپۆرتەکەی پۆلیتیکۆ، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا بەرپرسانی پنتاگۆنی تووشی شۆک کردووە. ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا میوانداری 35 بۆ 40 هەزار سەربازی ئەمریکی دەکات و بنکەی "رامشتاین" ناوەندێکی ستراتیژییە بۆ ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکان. ترەمپ نەک تەنیا ئەڵمانیا، بەڵکوو هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی لە ئیسپانیا و ئیتاڵیاش کردووە و رەفتاری ئەو وڵاتانەی بە "خراپ" وەسف کردووە.

ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە هات کە فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاندبوو، ئەمریکا لەسەر مێزی دانوستان لەلایەن ئێرانەوە "سوکایەتی پێ کراوە". ترەمپیش لە بەرانبەردا داوای لە مێرز کرد کە کاتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و کێشەی کۆچبەران تەرخان بکات، نەک دەستوەردان لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نەهێشتنی مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران.

بەپێی راپرسییەکی نوێی (Washington Post-ABC News-Ipsos)، 61%ـی هاووڵاتییانی ئەمریکا پێیان وایە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران "هەڵە" بووە. تەنیا 19%ی بەشداربووان پێیان وایە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمساڵ سەرکەوتوو بوون. ئەم ناڕەزایەتییانە هاوکاتن لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گالۆنێک بەنزین بۆ 4.30 دۆلار، کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا.

راپرسییەکە دەریدەخات کە 60%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە جەنگی ئێران ئەگەری تووشبوونی ئەمریکا بە "داڕمانی ئابووری" زیاد دەکات. هەروەها تەنیا 8%ـی خەڵک متمانەیان هەیە کە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بتوانێت رێگری لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بگرێت.

دەیڤس ئینگڵ، یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە وەڵامێکدا رایگەیاند کە ستراتیژی سەربازی سەرۆک لەسەر بنەمای راپرسییە گشتییەکان نییە. گوتیشی: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە فەرماندەی گشتی بڕیاری بوێرانە بدات بۆ پاراستنی خەڵک، وەک ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی (Epic Fury)دا ئەنجامی دا."

ئەم کێشە و ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران چووەتە مانگی سێیەمەوە و گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز ڕۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان لە ئێران دەدات، بەڵام هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکا و بەشێکی زۆری جەماوەری ناوخۆی ئەمریکا نیگەرانن لە لێکەوتە درێژخایەنەکانی ئەم ململانێیە.