ماکرۆن: بەشداری هیچ ئۆپەراسیۆنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ناکەین

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز ناکات. ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا ئەم شەڕەی هەڵنەبژاردووە و پێگەکەی تەنیا بەرگرییە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە.

سێشەممە 17ی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە سەرەتای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی سەبارەت بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: "ئێمە لایەنێک نین لە ململانێکان، بۆیە فەرەنسا هەرگیز لەم دۆخەی ئێستا بەشداری هیچ ئۆپەراسیۆنێک ناکات بۆ کردنەوە یان کۆنترۆڵکردنەوەی گەرووی هورمز".

ماکرۆن بە راشکاوی هەڵوێستی وڵاتەکەی روون دەکاتەوە و دەڵێت: "لێرەدا دووبارەی دەکەمەوە، فەرەنسا ئەم شەڕەی هەڵنەبژاردووە. ئێمە بەشدار نین تێیدا و پێگەی ئێمە بە تەواوی پێگەیەکی بەرگرییە لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییەکانمان و وەک پاڵپشتییەک بۆ هاوپەیمانەکانمان".

هەروەها سەرۆکی فەرەنسا ئامانجەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە بە دوو خاڵی سەرەکی دیاری دەکات کە بە گوتەی خۆی "لە رۆژی یەکەمەوە روونن و نەگۆڕاون"؛ ئامانجی یەکەم پاراستنی هاووڵاتییان، بنکە دیپلۆماسی و سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی فەرەنسایە لە ناوچەکە. دووەمیشیان وەستانە لە پاڵ ئەو هاوبەشانەی کە رێککەوتنی بەرگرییان لەگەڵ پاریس هەیە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پاریس بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز، بەڵام ئەمە دوای سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنی و بەبێ بوونی هیچ رۆڵێکی ئەمریکا دەبێت.

لەم بارەیەوە ماکرۆن گوتی: ئێمە باوەڕمان وایە کاتێک دۆخەکە هێور دەبێتەوە و بۆردوومانەکان دەوەستن، ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئامادە دەبین بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی پارێزگاریکردن لە رێڕەوەکە."

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە گفتوگۆی لەگەڵ ماکرۆن کردووە و لە هەڵوێستەکەی بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانان بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز، نمرەی "8 لە 10"ی پێداوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە پێشبینی دەکات فەرەنسا پەیوەندی بەو هەوڵانەوە بکات کە ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات.