تۆم بەڕاک سڵاوی ترەمپی بە مەسرور بارزانی گەیاند
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێدا ئاماژەی داوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و هەر دووکیان جەختیان لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە پێناو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی باردۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان عێراق و ناوچەکە کرا.
باڵیۆز تۆم بەڕاک، سڵاو و رێزی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ ئامادەیی دەربڕینی بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە و تیمی هەرێمی کوردستانیشی راسپاردووە کە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوت بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک لەم دۆخە سەختەدا.
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی ئەوەی پێویست بێت لەمبارەیەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی دەیکەین و داواشی لە ئەمەریکا کرد کە بەردەوام بێت لە رۆڵی چاودێرانەی خۆی لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی گومرگ و ئابلوقەی بازرگانی.
هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە پێناو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کردەوە.