پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: جەخت لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور کرایەوە
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمانتاران و سەرۆکی پەرلەمانیش دووپاتیکردەوە، دەبێت لە دەستوور چۆن باسی هەرێمی کوردستان کراوە دەبێت بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، عومەر محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکیسۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: پەرلەمانی عێراق لەسەر دوو بابەت کۆبووە، بابەتی سەرەکی پەیوەندی بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، لە 8ـی ئادارەوە هەناردەکردنی نەوت وەستابوو، بۆ دابینکردنی ناوخۆ زۆر پێویستە.
هەروەها گوتی: سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە لەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببرێت.
باسی لەوەش کرد، پەرلەمانتاران و سەرۆکی پەرلەمانیش دووپاتیکردەوە، دەبێت لە دەستوور چۆن باسی هەرێمی کوردستان کراوە دەبێت بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
دەربارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، حکوومەتی عێراق خۆی دەڵێت بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەر یەکە لە جێگری سەرۆک وەزیران – وەزیری نەوت و بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ).بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ئامادەبوون.