ئیسرائیل: ئەمشەو هەشت ناوچەی تەلئەڤیڤ بۆردوومانکران

کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، لە دواین هێرشی مووشەکیی ئێراندا کە بە مووشەکی "هێشوویی و پارچەپارچەبوو" ئەنجامدرا، دوو ئیسرائیلی کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، کەناڵی 14ـی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، هێرشێکی فراوان لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل ئەمەش بووە هۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە قودس و دەوروبەری، ناوچەکانی باکوور، ناوەڕاست و باشووری ئیسرائیل.

هەروەها راپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگی تەقینەوەی زۆر بەهێز لە ئاسمانی قودس بیستراوە کە بەهۆی هەوڵەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان، هاوکات سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەوە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ناوەڕاستی تەلئەڤیڤ زیانی زۆری بەرکەوتووە و دوو کەسیش گیانیان لە دەستداوە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە هەشت شوێنی جیاوازی ناوچەی "تەلئەڤیڤی گەورە" بریندار هەیە. کەوتنی مووشەک و پاشماوەکانیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست بووەتە هۆی زیانی ماددی زۆر و کەوتنەوەی ئاگر لە چەندین شوێن، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاریش بە چڕی بە ناوچەکاندا بڵاوەیان پێکراوە.