فەرهاد ئەترووشی: بەکارهێنانی دەستەواژەی 'شمال العراق' و 'حکوومەتی هەولێر' نادەستوورییە و دەبێت رابگیرێت

جەخت لەسەر پابەندبوون بە ناوی دەستووریی "هەرێمی کوردستان" لە راگەیەنراو و نووسراوە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵیدا دەکرێتەوە و بەکارهێنانی دەستەواژەی "شمال العراق" و "حکوومەتی هەولێر" قەدەغە دەکرێت.

فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای تەواوبوونی دانیشتنی پەرلەمان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، چاودێری ئەو بەیاننامە و نووسراوانە کراوە کە لە دامەزراوە حکومییە فەرمییەکانەوە دەردەچن و هەندێک دەستەواژەی وەک "حکوومەتی هەولێر"یان تێدا بەکارهاتووە.

ئەترووشی رایگەیاندووە، ئەم دەستەواژانە ئاماژەی هەڵەیان تێدایە و دوورن لە کاری پیشەیی، ئامانج لەم ناونانانەش بەکارهێنانیانە لە کێشە و ململانێ سیاسییەکاندا، لە کاتێکدا دەبێت ئەم دامەزراوانە نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان بکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، رێنمایی ئاراستەی سەرجەم دامەزراوە حکوومییەکان و وەزارەتەکانی "حکوومەتی فیدراڵ" (نەک حکومەتی ناوەندی کە هەندێک لایەن بە شێوەیەکی نادەستووری بەکاری دەهێنن) کراوە، کە پابەندی تەواوی ناوە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە نابێت هیچ دەستەواژەیەکی پێچەوانەی دەستوور وەک "شمال العراق" یان هەر زاراوەیەکی دیکەی نایاسایی بەکاربهێنرێت. هەروەها داوا کراوە دامەزراوەکان دوور بکەونەوە لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان کە خزمەت بە یەکپارچەیی عێراق و بەرژەوەندیی پێکهاتە جیاوازەکان ناکات.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، کە زۆرجار لەلایەن هەندێک میدیا و دامەزراوەی عێراقییەوە، بە مەبەستی سیاسی ناوی دەستووریی "هەرێمی کوردستان" پشتگوێ دەخرێت، کە ئەمەش ناڕەزایەتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ دەکەوێتەوە.