کۆشکی سپی: ئەمریکا پێویستی بە گەرووی هورمز نییە

سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی رۆڵی زیاتر بگێڕن لە دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا چیتر وەک پێویستییەکی وزەی ناوخۆیی پشت بەو گەرووە نابەستێت.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، سەرنجی خستە سەر هەڵوێستی نوێی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و گەرووی هورمز؛ لێڤت بۆ فۆکس نیووز، جەختی کردەوە کە پیت هەگسێت، وەزیری بەرگری و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەوەی هەنگاوی جددیتر بنێن.

لێڤت گوتی: "بەهۆی سیاسەتەکانی سەرۆک ترەمپەوە، ئەمریکا ئێستا هەناردەکاری سەرەکی وزەیە و بۆ پێداویستی ناوخۆیی خۆی پێویستی بە گەرووی هورمز نییە. پاراستنی ئاسایشی ئەم گەرووە زیاتر لە بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانمانە لە ئەوروپا و ناوچەکە، بۆیە دەبێت ئەوان بەشێکی زیاتری بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرن."

ئەم لێدوانانەی لێڤت دوای پەیامێکی توندی دۆناڵد ترەمپ دێت کە تێیدا رەخنەی لەو هاوپەیمانانە گرتبوو کە لە ئاستی پێویستدا هاوکار نین.

سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەمریکا خوازیاری کراوەیی گەرووی هورمزە بۆ جێگیربوونی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، بەڵام پێویستە ئەو وڵاتانەی کە راستەوخۆ سوودمەندن لەو ڕێڕەوە، تێچوو و ئەرکی پاراستنی ئاسایشەکەی لە ئەستۆ بگرن.