عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و: رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ شەفافیەتە لە داھات و خەرجییەكان

"ھێڵە گشتییەكان باس لە سەرچاوەكانی داھات و خەرجییەكان دەكات"

K24 – ھەولێر

بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حكومەتی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، ئامانج له‌ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ بودجه‌ی 2021 بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهات و خه‌رجی حكومه‌ت به‌ فه‌رمی دیاریی بكرێن، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌مه‌.

عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حكومەتی هه‌رێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "پێویستە بۆ ساڵی 2021 پڕۆژەی بودجەمان ھەبێت و بەپێی ئەو داھاتەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەیەتی كاری لەسەر بكرێت، ھێڵە گشتییەكانی ئەوەیە كە زیاتر تیشك بخرێتە سەر خەرجییەكان، ھەروەھا ئەو خەرجییە بۆ بەڕێوەبردنی دامودەزگاكان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پڕۆژەكانی وەبەرھێنان لە بودجەدا ھەبێت، لەسەر بنەمای شەفافیەت لەچوارچێوەی ئەم بودجەیە رێكبخرێتەوە، دەسەڵاتی خەرجكردن لەسەر ئاستی حكومەت و دەسەڵاتی لامەركەزی لە بودجەدا جێگەی بكرێتەوە، ئەوكات ھەموو پرسە دارایی و ئابوورییەكان جێگەی دەكرێتەوە".

جەختیكردەوە: "ھەموو سەرچاوەكانی داھات لەناو بودجەدا جێگەی دەكرێتەوە و شەفافانە بە ھاووڵاتییان دەگوترێت سەرچاوەكانی داھات بەمشێوەن".

راشیگەیاند: "لە كۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو دەبێت و لە ئەنجومەنی وەزیران پەسند دەكرێت، دواتر رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت".

Fly Erbil Advertisment