عەبدوڵڵا بن زاید لەگەڵ چەند وەزیرێکی دەرەوە هێرشە مووشەکییەکانی سەر ئیمارات تاوتوێ دەکات
شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات، لە رێگەی چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد..
لەو چوارچێوەیەدا، شێخ عەبدوڵڵا بن زاید پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە دکتۆر سوبرا مانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان، ناسر بۆریتە، وەزیری دەرەوە و هاوکاریی ئەفریقای مەغریب؛ و بیکا هاڤیستۆ، نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوودان ئەنجامدا.
لە میانی پەیوەندییەکاندا، باس لە کاریگەرییەکانی ئەم پەرەسەندنانە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و لێکەوتە نەرێنییەکانیان لەسەر ئابووری جیهانی و ئاسایشی دابینکردنی وزە کرا. هەموو لایەک بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییە "توندوتیژانەیان" کرد و جەختیان کردەوە کە ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانن و هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەروەری وڵاتان.
هاوکات، جەخت لە مافی ئەو وڵاتانە کرایەوە کە ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە بوونەتەوە بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بە مەبەستی پاراستنی سەروەری و خاکی خۆیان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و دانیشتووانیان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
شێخ عەبدوڵڵا بن زاید لە میانی پەیوەندییەکاندا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستە هاوسۆزەکانی وڵاتانی برا و دۆست بەرانبەر بە دەوڵەتی ئیمارات دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە سەرجەم نیشتەجێبووان و سەردانیکەران لەسەر خاکی ئیمارات سەلامەتن.