حەشدی شەعبی: بارەگایەکمان لە سەلاحەدین بۆردومانکرا
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، لە پارێزگای سەڵاحەدین کەوتوونەتە بەر هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا، بەهۆیەوە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی حەشدی شەعبی، هێرشەکە دوو شوێنی جیاوازی کردووەتە ئامانج لەوانەش، بارەگای لیوای 6 لە شارۆچکەی بێجی، لەم هێرشەدا سێ حەشد بریندار بوون، کە باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. هەروەها خاڵێکی سەربازیی لیوای 31 لە نزیک فڕۆکەخانەی "سینیە" ئەم هێرشە، بووەتە هۆی کوژرانی چەکدارێک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە کردووە، گواستنەوەی بریندارەکان و کوژراوەکە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا. هەروەها جەخت کراوەتەوە فڕۆکەکان بە ئەنقەست چەندین جار تیمەکانی ئەمبوڵانس و فریاکەوتنیان کردووەتە ئامانج.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن لیواکانی حەشد سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانیانن لە پاراستنی ناوچەکە و بەهێزکردنی ئاسایش و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق.