نەوتی برێنت و تێکساس؛ جیاوازیی نرخەکەیان ریکۆردی 11 ساڵی شکاند
جیاوازیی نێوان نرخی نەوتی خاوی برێنت و تێکساسی ئەمریکی بۆ بەرزترین ئاستی 11 ساڵی رابردوو بەرزبووەوە؛ هۆکارەکەشی بۆ گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر دابینکردنی نەوت، نرخی خاوی برێنت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش جیاوازیی نرخی نێوان برێنت و خاوی ئەمریکی بۆ ئاستێکی پێوانەیی برد، لە کاتێکدا لە ئەمریکا بڕێکی زۆری نەوت لە کۆگاکاندا بەردەستە.
لە میانی مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا، خاوی تێکساسی ئەمریکی (WTI) بە جیاوازی 12.05 دۆلار کەمتر لە خاوی برێنت مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش گەورەترین جیاوازییە لە نێوان ئەو دوو جۆرە نەوتەدا لە دوای مانگی ئاداری ساڵی 2015ـەوە تۆمار کرابێت.
ئەم فراوانبوونە گەورەیە لە جیاوازیی نرخەکاندا دوای تێکچوونی باری تەندروستی بازاڕەکانی وزە دێت بەهۆی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کە بووەتە هۆی داخستنی رێڕەوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی دەریایی و پەککەوتنی بەشێک لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە ناوچەکەدا.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم جیاوازییەی نرخ دەبێتە هاندەر بۆ بازرگانان تاوەکو پەنا ببەنە بەر پڕۆسەی "مراجحة" (Arbitrage)، ئەویش لە رێگەی گواستنەوەی نەوتی هەرزان لە ئەمریکاوە بۆ ئەو بازاڕانەی نرخ تێیاندا بەرزە، سەرەڕای ئەوەی تێچووی بارکردن و گواستنەوە زیادی کردووە.
بەگوێرەی داتاکان، تێچووی گواستنەوەی نەوت بە تانکەری جۆری "ئافرەماکس" لە کەناراوەکانی کەنداوی ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا، بۆ نزیکەی 6 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا پێش دەستپێکردنی جەنگ تەنیا 4.36 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام هێشتا جیاوازیی نرخەکە هێندە زۆرە کە تێچووی گواستنەوەکە دادەپۆشێت و قازانج بۆ بازرگانان دەمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لە کۆتا مامەڵەکاندا نرخی خاوی برێنت 3.8% بەرزبووەوە، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە و هێرشکردنە سەر کێڵگەی "پارسی باشوور"، بەڵام لە بەرانبەردا خاوی تێکساسی ئەمریکی تەنیا 0.1% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی.
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا، نرخی گرێبەستەکانی خاوی برێنت گەیشتە 113.23 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا نرخی خاوی تێکساسی ئەمریکی بە 96.62 دۆلار جێگیر بوو. ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا بەهۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییەکانی سەر هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، لەژێر فشارێکی زۆردان و نرخەکان ئاستی پێوانەییان تۆمار کردووە