بۆچی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران گوازرانەوە بۆ قەتەر؟

دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر. بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس و شینخوای چینی، گۆڕینی شوێنی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد و عومانەوە بۆ دەوحە، وەرچەرخانێکی ستراتیژییە، چونکە قەتەر کلیلێکی سەرەکیی پرسی "داراییە بلۆککراوەکان" و "ئاسایشی وزە"ی لەدەستدایە.

ئاژانسی تەسنیم و ئیرنا پشتڕاستیان کردەوە کە شاندە ئێرانییەکە لە محەمەدباقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان (سەرۆکی شاندەکە)، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەبدولناسر هێمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی پێکهاتوون. رۆژنامەی فەینانشاڵ تایمز ئاماژە بەوە دەکات ئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی نیشانەی ئەوەیە دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغی یەکلاکردنەوەی شێوازی ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان.

بۆچی دەوحە؟

بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسی فرانس پرێس و فەینانشاڵ تایمز ، چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی قەتەر لەم قۆناغەدا هەن:

1. دۆسیەی داراییە بلۆککراوەکان: بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس، قەتەر پارێزەری 6 ملیار دۆلاری داراییەکانی ئێرانە کە پێشتر لە کۆریای باشوورەوە بۆی گوازرابوونەوە. بەوپێیەی ئازادکردنی ئەم پارانە مەرجێکی سەرەکیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەیە؛ دەوحە گونجاوترین شوێنە بۆ یەکلاکردنەوەی وردەکارییە داراییەکان.

2. بەرژەوەندیی نیشتمانیی قەتەر (LNG): ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، هەناردەی گازی سروشتیی شلکراوەی (LNG)ی قەتەری پەکخستووە. ئەمە وای کردووە دەوحە هەوڵێکی زیاتر بدات بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لەوەی ئێران مینە دەریاییەکان لادەبات و تەنگەکە بە تەواوی دەکاتەوە.

3. پەیوەندیی نزیک لەگەڵ تیمی ترەمپ: بەپێی ئاژانسەکە لە هەفتەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی قەتەر چەندین دیداری لەگەڵ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە، ئەمەش قەتەری کردووەتە "پردێکی متمانەپێکراو" بۆ گواستنەوەی پەیامەکان.

رۆژنامەی واشنتن پۆست و فەینانشاڵ تایمز بڵاویانکردەوە، دانوستانەکان سەرنج دەخەنە سەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ و کردنەوەی گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی "باج" لە کەشتییەکان. هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە لە بەرانبەردا ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکان سووک دەکات، بەڵام ئازادکردنی پارەکان بەستراوەتەوە بە رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

بەپێی راپۆرتەکانی فۆکس نیووز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا مەرجی داناوە کە دەبێت رێککەوتنەکە زۆر باش بێت، دەنا دەگەڕێنەوە بۆ بژاردەی سەربازی. ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوکردەوە، تا ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی نەبێت، هیچ پارەیەکی بۆ ئازاد ناکرێت.

هەروەها مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا،رایگەیاندووە "پێشنیازێکی تۆکمە" لەسەر مێزی دانوستانەکانە کە کردنەوەی گەرووەکە و دانوستانی جددی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی لەخۆ دەگرێت.

دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ڕایگەیاندبوو، لەسەر داوای ڕاستەوخۆی سەرکردەکانی سعوودیە، ئیمارات و قەتەر، هێرشە سەربازییە پلانبۆداڕێژراوەکەی بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە حاڵەتی ئامادەباشی باڵادان بۆ هەر ئەگەرێک تا چانس بدرێتە دانوستانەکان

هەینی 22ـی ئایاری 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردبووەوە، تیمێکی دانوستانکاری قەتەری بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە تاران. ئامانجی سەرەکیی ئەم شاندە یارمەتیدانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.