ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران: پاشەکشە لە هەڵوێستەکانمان ناکەین

محەمەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، پەیامێکی ئاراستەی گەلی وڵاتەکەی کرد و تێیدا داوای یەکڕیزی و تەبایی کرد، هاوكات جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پاشەکشەیەک لە هەڵوێستەکانیاندا نابێت.

دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، محەمەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە رایگەیاند: "مەیدانی سەربازی و دیپلۆماسی و هەروەها ئەو گەلەی کە رژانە سەر شەقامەکان، لە رێگەی بەرگرییە قارەمانانەکانیانەوە پاشەکشەنەکردنیان لە هەڵوێستەکانیاندا سەلماندووە، و توانیویانە دوژمن تووشی سەرلێشێواوی و شکستی بکەن."

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا وڵاتەکەی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان لەم بوارەشدا بێهیوا بن.

روونیشیکردەوە، مەیدانی یەکڕیزی و تەبایی گۆڕەپانێکی دیکەی جەنگە، و ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ رێگریکردن لە هەر قسە یان کردارێک کە یەکڕیزی لاواز بکات، ئێران بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی دەبات.

لەلایەکی دیکەوە، لیوا عەلی عەبدوڵاھی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی سیستەمی نوێی بەرگری ئاسمانی دەخاتە خزمەتەوە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ھێرشە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی "کاراتر".

هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێران لە ئێستادا باس لە دۆسیەی ئەتۆمی ناکات، و تەواوی سەرنجی لەسەر کۆتاییھێنان بە شەڕ و گەیشتنە بە باشترین چارەسەرەکان کە بەرژەوەندییەکانی وڵات بپارێزێت."

بەقایی گوتیشی: "تەھران کاتی وەڵامدانەوەی دوژمن ھەڵدەبژێرێت وەک چۆن پێشتر روویداوە"، هەروەها جەختی کردەوە کە ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پابەندبوونی واشنتۆن بە بەڵێنەکانی، بەڵام تەھران گرنگی بە ھەڕەشەکان نادات و تەنیا سەرنجی لەسەر زامنکردنی بەرژەوەندییەکانیەتی.