دوای بە ئامانجگرتنی کێڵگەی گازی ئێران، عێراق سێ هەزار مێگاوات کارەبای لەدەستداوە
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەئامانجگرتنی دامەزراوەی وزەی ئێران، پێدانی گاز بە عێراق بە تەواوی وەستاوە، ئەم وەستانەش بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە سێ هەزار کارەبا.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "هاوردەی گازی ئێران بۆ عێراق بە تەواوی وەستاوە"، روونیشیکردەوە، پێش ئەوەی هاوردەی گاز بۆ ئاستی سفر دابەزێت، دابینکردنی گازی ئێران گەیشتبووە 19 ملیۆن پی سیجا.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەستانی گازەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیستەمی کارەبا هەبووە و بەهۆیەوە زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات کارەبامان لەدەستداوە.
دوێنێ چوارشەممە، کێڵگەی گاز و دامەزراوە نەوتییەکانی پارسی باشووری ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیران، هەروەها دامەزراوەیەکی پرۆسێسکردنی گازیشیان کردە ئامانج.
بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، ئەو هێرشە یەکەمین ئامانجی ژێرخانی ئابوورییە لە ئێران، و بە هەماهەنگی و رەزامەندیی ئەمریکا ئەنجامدراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وردەکاریی فەرمی سەبارەت بە رادەی زیانەکان نەخراوەتەڕوو.
پارێزگاری ئەسەلویە لە ئێران گوتی: چەند بەشێکی کێڵگەی گازی پارسی باشوور بەر مووشەکی ئیسرائیل و ئەمریکا کەوتوون، هاوکات دووپاتی کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
کێڵگەی پارسی باشوور گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی ئێرانە کە دەکەوێتە پارێزگای بوشەهر.