گۆتێرێز: کاتی ئەوە هاتووە جەنگ رابگیرێت پێش ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییەکی توند دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و رایدەگەیەنێت، پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە کردە سەربازییەکان بهێنرێت بۆ رێگری لە کارەساتێکی گەورەتر.
پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە کاتی ئەوە هاتووە جەنگ رابگیرێت، بۆ ئەوەی دۆخەکە بە تەواوی لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت.
هاوکات پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و داوای لێکردن کۆتایی بە جەنگ بهێنن.
داواشی لە ئێران کرد کە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی رابگرێت و ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.