عامری: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل 60 ئەندامی حەشد کوژراون

هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی ئاشکرا کرد و داوای لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق کرد هەڵوێستی جیددییان هەبێت.

پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: هێرشە "دوژمنکارییەکانی" ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاکانی حەشد، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 60 کەس و برینداربوونی 100 کەسی دیکە.

هاوکات داوای لە حکوومەت، پەرلەمان کرد، جوڵەی دیپلۆماسی خێرا ئەنجام بدەن بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە. عامری جەختی کردەوە، کە ئەم فشارانە سووربوونی ئەوان لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق و خاکی وڵات زیاتر دەکات.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.