وەزیری دەرەوەی قەتەر: پێویستە ئێران هەرچی زووە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو رابگرێت

وەزیری دەرەوەی قەتەر
وەزیری دەرەوەی قەتەر

محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر دەڵێت " فراوانکردنی مەیدانی جەنگ و ئاڵۆزییەکان هیچ خزمەتێکی ئامانجەکانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ناکات".

ئێوارەی ئەمڕۆ پینجشەممە 19ی ئاداری 2026، وەزیری دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی " هێرشی ئێران بۆ سەر شاری رەئس لەفان، لێکەوتەی خراپی لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی دەبێت، بۆیە پێویستە ئێران هەرچی زووە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو رابگرێت".

راشیگەیاند، فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان و جەنگ هیچ خزمەتێک بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ناکات، ئەمەش لەبەرژەوە ندی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نابێت.

دوێنێ چوارشەممە، سوپای پاسداران هۆشداری چۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی بە هەر یەک لە سعوودیە، ئیمارات و قەتەری دا، دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک هێرشی مووشەکی کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی وزەی ناوچەکە.

لەو ناوچانەی کە ئێران نەخشەکانی بڵاوکردبووە، کۆمەڵگەی پێترۆکیماوی و کۆمپانیای مسێعیدی سەر بە کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی بوو، هەر لە هۆشدارییەکەدا داوای لە کارمەندان و خەڵکی نیشتەجێی دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکە کردبوون هەرچی زووە ناوچەکە چۆڵ بکەن چونکە دەبێتە ئامانجی هێرشەکانیان.