مووشەکەکانی ئێران پاڵاوگەیەکی نەوتیان لە ئیسرائیل پێکا
مووشەکەکانی ئێران دواجار پاڵاوگەیەکی نەوتیان لە باکووری ئیسرائیل پێکا و هۆشداری لە لێکەوتەی مەترسیدار دەکرێت.
دەستەی پەخشی میدیایی ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەوە، مووشەکانی ئێران، لە شاری حەیفای باکووری ئیسرائیل پاڵاوگەیەکی نەوتیان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دووکەڵێکی چڕ لە دەوروبەری پاڵاوگەکە بەرز دەبێتەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، بەهۆی پێکانی پاڵاوگەکە مەترسی دزەکردن و بڵاوبوونەوەی ماددەی مەترسیدار دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026، بیست رۆژ بە سەر هەڵگیرسانی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران تێدەپەڕێت و تا ئێستا هێزە چەکدارەکانی ئێران 64 شەپۆلی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژراویان بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو ئەنجامداوە.
بە گوێرەی تۆڕی هەواڵی "کان"ـی ئیسرائیلی، تاوەکوو ئێستا ئێران نزیکەی 850 مووشەکی بالیستی و 400 مووشەکی کڵاوەی هێشووی ئاراستەی ئامانجەکان لە ناو ئیسرائیل کردووە، بەڵام 320 مووشە گەیشتوونەتە ئاسمانی ئیسرائیل و %50 مووشەکە بالیستییەکان هەڵگری تەقەمەنی وێرانکەربوون.