قەتەر و میسر جەخت لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ راگرتنی جەنگ دەکەنەوە

میری قەتەر و سەرۆکی میسر، لە دیدارێکدا پرسی گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر چەند وڵاتێک تاوتوێ کرد.

پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، تەمیم حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، پێشوازیی لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کرد.

دیوانی میری قەتەر، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەردوولا لە میانەی دیداری نێوانیان، جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان.

هەروەها سیسی و تەمیم هاوڕابوون لەسەر رەتکردنەوەی هەر کردەیەکی سەربازی کە بازنەی ململانێکان فراوانتر بکات.

هەر لە دیدارەکەدا، جەخت لە بەکارهێنانی کەناڵە دیپلۆماسییەکان کرایەوە وەک تەنیا رێگە بۆ پاراستنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.