ترەمپ: هێزی زەمینی بۆ نێو ئێران نانێرین
سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی پلانی نییە هێزی زەمینی بۆ نێو خاکی ئێران رەوانە بکات. هاوکات ئاشکرای کرد، داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە ژێرخانی وزەی ئێران نەکاتە ئامانج.
پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمرکا، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: کە سەرکردایەتیی ئێستای ئێران "لەنێو چووە" و ئێستا تاران بە دوای سەرکردەی نوێدا دەگەڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل عەلی لاریجانی تیرۆر کرد.
ترەمپ پێشبینی کرد جەنگەکە کە چووەتە هەفتەی سێیەمەوە، بەم زووانە کۆتایی بێت، هەرچەندە هۆشداری دا کە کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر ئێران "خراپ" دەبن.
سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی، ترەمپ رایگەیاند: کە وڵاتەکەی "لەبری هەموو جیهان" بەرگری لە گەرووی هورمز دەکات، دوای ئەوەی تاران بە بەکارهێنانی مین ئەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەی داخستووە.
ترەمپ داوای لەو وڵاتانە کرد کە زیانمەندی داخستنی گەرووەکەن، بەشداری لە پاراستنیدا بکەن، هەرچەندە وڵاتانی ناتۆ ئەو داوایەیان رەت کردووەتەوە.
دەشڵێت: داوام لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە ژێرخانی وزەی ئێران نەکاتە ئامانج، نەتانیاهۆش بەو داوایە رازی بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.