سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز ناوچەیەکی ئارامی کردووەتەوە
لە هەر کەشتییەکی بازرگانی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار وەردەگیرێت
لە گەرمەی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئارامی دەریایی دامەزراندووە و لە بەرانبەر تێپەڕبوونی کەشتی بازرگانییەکاندا باج وەردەگرن.
ماڵپەڕی فارس نیووزی ئێرانی راپۆرتێکی پێگەی هەواڵی Lloyd's Listـی لەبارەی ئەو ناوچە ئارامەی گەرووی هورمز بڵاوکردووەتەوە، کە پشتی بە زانیاریی چەند سەرچاوەیەک دەبەستێت و تێیدا هاتووە " رێڕەوەکە لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی سەرپەرشتی دەکرێت، ئاسایشی ئەو کەشتیانە دابین دەکات کە قۆناخەکانی پشتڕاستکردنەوە و ناونووسین و پارەدانی تێپەڕبوون تەواو دەکەن، بۆ ئەوەی بارەکانیان بە سەلامەتی لەو گەرووەدا دەرباز بن".
بەگوێرەی سەرچاوەکانی راپۆرتەکە، هەر کۆمپانیایەک لایەنیکەم بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکەی لەم گەرووەدا، نزیکەی دوو ملیۆن دۆلاری بە ئێران داوە. جگە لەوەش، چەندین کەشتی دیکەی نەوتهەڵگر دوای دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان توانیویانە بەم گەرووەدا تێپەڕن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی Lloyd's List، ئەم رێڕەوە تازە دامەزراوە، کەشتییەکان لە رێگایەکەوە کە نزیکە لە دوورگەی لارکی ئێران ئاراستە دەکرێن. لەو خاڵەدا، هێزی دەریایی سوپا و بەرپرسانی بەندەرەکانی ئێران بە ئەنجامدانی پشکنین و سەیرکردنی بارەکان، دڵنیا دەبنەوە لەوەی کەشتییەکە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی پێشکەشیان کردووە، یەکانگیرن.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، تا ئێستا لانیکەم 9 کەشتی لەم رێڕەوە ئارامە لە گەرووی هورمز دەربازیان بووە.
دانوستانی وڵاتان لەگەڵ تاران
بە گوێرەی راپۆرتە چەندین وڵات، لەوانە هیندستان، پاکستان، عێراق، مالیزیا و چین لەگەڵ بەرپرسانی تاران لە دانوستانی راستەوخۆدان بۆ هەماهەنگی و پلاندانانی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان.
ئەم شێوازە نوێیەی ئێران دوای لێدوانەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە 15ـی ئەم مانگەدا دێت، کە تێیدا رایگەیاند "ئێران ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان سەبارەت بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان".
لەمبارەوە دیمیتریس مانیاتیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای راوێژکاری ئاسایشی دەریایی Marisks دەڵێت " لە ئاستی وڵاتان و کۆمپانیا پیشەسازییەکاندا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستەبەرکردنی رێکارێک کە ببێتە زامنی سەلامەتی و ئاسایشی جووڵەی دەریایی بۆ ئەو کەشتیانەی هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نییە، لەم گەرووەدا بە سەلامەتی تێپەڕن".
نموونە کردارییەکانی کەشتییە تێپەڕبووەکان
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاماژەی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS) ، دوو کەشتی هیندی گواستنەوەی گاز بە ناوەکانی Shivalik و Nanda Devi، کە لە 13ـی ئەم مانگەوە ئەم رێڕەوە نوێیەیان بەکارهێناوە و لە نزیک کەناراوەکانی ئێران و دوورگەی لارک سیگناڵیان بەدەرکەوتووەتەوە و ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە گەرووی هورمزیان تێپەڕاندووە.
هەڵوێستی ئێران لە بارەی گەرووی هورمز
ئێران لە نامەیەکدا کە 16ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، پەیامێکی ئاراستەی رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی (IMO) کردووە و دەنگۆی داخستنی گەرووی هورمزی بە "چەواشەکارانە" ناو دەبات.
ئاماژەیداوە، ناکرێت لە رێگەی هەڕەشەوە و زۆرەملێ، ئاسایش و ئازادی جووڵەی دەریایی دەستەبەر بکرێت.
دۆخی ئێستای جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمز
بە گوێرەی زانیارییەکانی Lloyd's List Intelligence، لە 15 تا 17ـی ئادار، تەنیا 15 حاڵەتی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز تۆمارکراوە، کە نزیکەی %90یان لە لایەنی بازرگانی یان خاوەندارێتییەوە پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەبووە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، ئێستاش ئاستی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەرزن. بەگوێرەی یاداشتێکی ناوەندیی هاوبەشی زانیاریی دەریایی (JMIC)، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا 17ی ئەم مانگە، لانیکەم 21 هێرش بۆ سەر کەشتی و دامەزراوە دەریاییەکان ئەنجامدراوە، ئەمەش نیشانەی کاردانەوەی ئێرانە بەرانبەر بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی وزە و بەندەرەکانی وڵاتانی کەنداو.