هەواڵگریی ئەمریکا: شوێنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی ئێران دەزانین

بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، رایگەیاند: کە ستراتیژی واشنتن بۆ لاوازکردنی ئێران جیاوازە لە ستراتیژی ئیسرائیل؛ لە کاتێکدا ئیسرائیل سەرکردایەتیی ئێران دەپێکێت، ئەمریکا جەختی لەسەر تێکشکاندنی کایە سەربازی و مووشەکییەکانە.

پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، تۆڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، لە بەردەم لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای کرد، ئیسرائیل سەرنجی خستووەتە سەر لێدانی فەرماندە و سەرکردە باڵاکانی ئێران، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئامانجی سەرەکیی تێکشکاندنی توانای هەڵدانی مووشەکە بالیستییەکان، کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و هێزی دەریایی ئێرانە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، گابارد ئاماژەی بەوە کرد، کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا "متمانەی تەواویان" هەیە بەوەی دەزانن کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە کوێن، بەڵام ئامادە نەبوو لە دانیشتنێکی کراوەدا باس لەوە بکات ئایا ئەمریکا توانای تێکشکاندنی ئەو کۆگایانەی هەیە یان نا.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە جەنگەکە چووەتە هەفتەی سێیەمەوە و ئیسرائیل زنجیرەیەک سەرکردەی ئێرانی کردووەتە ئامانج کە دیارترینیان عەلی لاریجانی بوو.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.