ترەمپ بۆ محەممەد بن زاید: ئەمریکا بە تەواوی پشتیوانیی لە سەقامگیریی ئیمارات دەکات

سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشت؛ تێیدا پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانیان بۆ سەر ئیمارات تاوتوێ کرد.

پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێ گەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی کرد

سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە، کە هێرشە بەردەوامەکانی تاران بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و ژێرخانی وڵاتەکەی، پێشێلکردنی راشکاوانەی سەروەریی نیشتمانی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد و هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی ئەمریکای بۆ ئیمارات و وڵاتانی ناوچەکە دووپات کردەوە لە بەرگریکردن لە خاک و سەقامگیریی خۆیاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.