سریلانکا رەتیدەکاتەوە ئەمریکا خاکەکەی لە دژی ئێران بەکاربهێنێت

ئەنورا کومارا دیسانایاکی، سەرۆکی سریلانکا، ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026، گوتی، رەتی کردووەتەوە رێگە بە جێگیرکردنی دوو فڕۆکەی جەنگیی ئەمەریکی لەسەر خاکی وڵاتەکەی بدات، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی بێلایەنیی خۆیانە لەو ململانێیەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت.

دیسانایاکی لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، "ئەمەریکا داوای کردبوو دوو فڕۆکەی جەنگی، کە بە هەشت مووشەکی دژە کەشتی پڕچەک کراون، لە بنکەیەک لە جیبۆتییەوە بگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ماتالا لە باشووری سریلانکا، بەڵام ئێمە ئەو داوایەمان رەتکردەوە."

ئەم هەڵوێستەی سریلانکا لە کاتێکدایە کە سێ هەفتەیە ئێران رووبەڕووی هێرشی سەربازیی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گۆڕا بۆ پێکدادانێکی هەرێمیی کە دەرهاویشتەکانی گەیشتوونەتە عێراق، لوبنان، سووریا و کەنداو، ئەوەش لە درێژەی زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی وزە، هاتوچۆی دەریایی و سەقامگیریی ناوچەکە.