بارۆ: دەبێت بە چارەسەرێکی سیاسی ئەم جەنگە کۆتایی پێبهێنرێت
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، داوای لە ئێران کرد سازش بکات.
ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن لە تەلئەبیب بەڕێوەچوو، رایگەیاند: ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان هەرچییەک بێت، دەبێت بە چارەسەرێکی سیاسی کە ئەنجامی بەردەوامی هەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە ئێران سازشی گەورە بکات و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی مامەڵەکردنی خۆیدا بکات.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد سەقامگیری ناوچەکە لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەو پلانە ئاشتییەوە دەبێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پاییزی رابردوودا سەبارەت بە غەززە رایگەیاندبوو، کە تێدا رێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ بەربەست، داماڵینی چەکی حەماس و زیندووکردنەوەی ئاسۆیەکی سیاسی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت (ئیسرائیل و دەوڵەتی فەلەستین کە لە ئاشتی و سنوورێکی پارێزراو و ناسراودا بژین) لەخۆدەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو داوای کردبوو کە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکییەکان و ئێرانییەکاندا ئەنجام بدرێت.