کۆشکی سپی: لە هەر کاتێکدا بێت ئەمریکا دەتوانێت دوورگەی خارگ کۆنترۆڵ بکات

جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی  دەڵێت "ئەگەر سەرۆک ترەمپ بیەوێت و بڕیار بدات، لە هەر کاتێکدا بێت، سوپای ئەمریکا دەتوانین کۆنترۆڵی دوورگەی خارگی ئێران بکات ".

وروژاندنی ئەم بابەتە لە کاتێکدایە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرایکردووە، ترەمپ بیر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر دوورگەی خارگ دەکاتەوە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر ئێران تاوەکوو گەرووی هورمز لەبەردەم جووڵەی دەریایی بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرقاڵی جێگیرکردنی هێزی زیاتری سەربازییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بە ئاماژەیەک بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ماوەیەکی نزیکدا لێکدانەوەی بۆ کراوە.

لەمبارەوە ئانا کێلی، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی، سەبارەت بە راپۆرتەکەی "ئەکسیۆس"، لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی ئاماژەیداوە "سوپای ئەمریکا توانای هەیە لە هەر کاتێکدا، ئەگەر سەرۆک ترەمپ فەرمان دەربکات و بییەوێت، کۆنترۆڵی دوورگەی خارگ دەکات"، بەڵام پشڕاستی نەکردووەتەوە کە بە دڵنیایی ئەمریکا بڕیارێکی وەهای هەیە یان نە.

کێلی ئاشكرای کردووە، لەسەر بنەمای پلانێکی ورد، ئیدارەی ئەمریکا لە ئامادەیی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەنگاوێک کە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر بییەوێت بیگرێتە بەر."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد "سەرۆک ترەمپ بە تەواوی ئاگادارە کە ئێران هەوڵی پەکخستنی ئازادیی جووڵە و بازرگانی دەریایی و دابینکردنی وزە دەدات، بەشێوەیەکی کردەیی، مینی دەریایی لە دەریا بڵاوکردووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە 40 کەشتی تێکشکاندووە.