وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران دوو مووشەکی ئاراستەی بنکە "دیێگۆ گارسیا" کرد
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە ئێران لە هەنگاوێکی کتوپڕدا دوو موشەکی بالیستیی ئاراستەی بنکەی سەربازیی ستراتیژیی "دیێگۆ گارسیا" کردووە لە زەریای هیندی، کە بنکەیەکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و بەریتانیایە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە، بڵاوی کردەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو مووشەکی بالیستیی ئاراستەی بنکەی سەربازیی "دیێگۆ گارسیا" کردووە.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە دا، تاران بە مەبەست بنکەی "دیێگۆ گارسیا"ی کردووەتە ئامانج و دوو مووشەکی بالیستیی بەرەو ئاراستەی بنکەکە هاویشتووە.
ئەم هەنگاوەی ئێران وەک پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە ئاستی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئەژمار دەکرێت، بەو پێیەی مەودای هێرشەکان گەیشتوونەتە قووڵایی زەریای هیندی.
بەرپرسە ئەمریکییانە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە سەرەڕای ئاراستەکردنی مووشەکەکان بۆ سەر بنکە هاوبەشەکەیان لەگەڵ بەریتانیا، بەڵام هێرشەکە هیچ جۆرە زیانێکی گیانی و برینداری لە ریزەکانی هێزە سەربازییەکاندا لێنەکەوتووەتەوە.
تاوەکو ئێستا لایەنی ئێرانی بە فەرمی لێدوانی لەسەر ئەم هێرشە نەداوە، بەڵام ئەم پێشهاتە دوای زنجیرەیەک گرژیی سەربازیی توند دێت لە ناوچەکەدا کە مەترسیی فراوانبوونی جەنگ و گۆڕانی بۆ جەنگێکی هەرێمیی گشتگیر زیاتر کردووە.
بنکەی سەربازیی "دیێگۆ گارسیا"، دەکەوێتە ناوەڕاستی زەریای هیندی، یەکێکە لە گرنگترین بنکە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا و وەک ناوەندێکی ستراتیژی بۆ ئۆپەراسیۆنە دوورمەوداکان بەکار دەهێنرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.