مۆسکۆ واشنتن بە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی وزەی جیهان تۆمەتبار دەکات
وەزیری دەرەوەی رووسیا، هۆشداریی دەدات لەوەی کە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران، لێکەوتەی قورسیان دەبێت و، جەخت دەکاتەوە کە واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم گرژییانەوە هەژموونی خۆی بەسەر بازاڕی وزەی جیهاندا بسەپێنێت.
شەممە، 21ـی ئاداری 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەو "شانۆگەرییەی" ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران ئەنجامی دەدەن، لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت کە بۆ ماوەیەکی درێژ دەنگ دەداتەوە.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن رووسیا لە بازاڕەکانی وزەی جیهان دوور بخەنەوە تاوەکوو تەنیا خاکەکەی بۆ بمێنێتەوە، پاشان بە مەرجەکانی خۆیان داوای هاوکاری لێ بکەن.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی کردەوە، کە واشنتن پێشوازی لە پەراوێزخستنی رووسیا لە بازاڕی وزەی ئەوروپا دەکات. ئەمەشی بە "داواکارییەکی ئاشکرا بۆ باڵادەستیی وزە لە هەموو جیهاندا" وەسف کرد.
لاڤرۆڤ لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە روو، "ئەمە بارودۆخێکی نائاساییە؛ گەڕانەوەیە بۆ سەردەمێک کە هیچ چوارچێوەیەک بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نەبوو، کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرووی هەموو رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە دادەنران."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.