تیمەکەی ترەمپ خەریکی داڕشتنی نەخشەڕێگەی دانوستانە ئەگەرییەکانە لەگەڵ ئێران

ئەکسیۆس: تیمی ترەمپ ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات

دوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە بەسەر هەڵگیرسانی جەنگدا، ئیدارەی ترەمپ دەستی کردووە بە تاوتوێکردنی قۆناغی داهاتوو و داڕشتنی چوارچێوەی دانوستانە ئەگەرییەکانی ئاشتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن دەیەوێت زەمینەسازی بۆ دیپلۆماسییەکی توند و گشتگیر بکات.

شەممە، 21ـی ئاداری 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد،  تیمی ترەمپ ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کرد، جارێد کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران، هەروەها بەشدارن لە گفتوگۆ چڕەکان سەبارەت بە داڕشتنی مەرجەکانی هەر رێککەوتنێکی داهاتوو.

 

بە پێی زانیارییەکان، هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێویستە ئەم تەوەرانە لەخۆ بگرێت:

کردنەوەی گەرووی هورمز، چارەسەرکردنی کێشەی یۆرانیۆمی پیتێنراو، گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ گرووپە وەکالەتدارەکانی لە ناوچەکەدا.

هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاراندا نەبووە، بەڵام وڵاتانی میسر، قەتەر و بەریتانیا وەک ناوبژیوان پەیامیان لە نێوان هەردوولادا گواستووەتەوە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستووەتە روو، میسر و قەتەر لایەنی ئەمریکی و ئیسرائیلییان ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران ئارەزووی دانوستان دەکات، بەڵام بە مەرجی زۆر قورس، کە گرنگترینیان: راگرتنی هەمیشەیی جەنگ، پێدانی گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان و پێدانی قەرەبووی داراییە.

 

شەش مەرجەکەی ئەمریکا بۆ ئێران

بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە کە ئێران ناچار دەبێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆیە واشنتن شەش پابەندیی سەرەکی وەک مەرج دیاریی کردووە:

-راگرتنی تەواوەتی بەرنامەی مووشەکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ.

-گەیاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سفر.

-لەکارخستنی تێکڕای کارتێکەرە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ کە پێشتر بۆردومان کراون.

-چەسپاندنی پرۆتۆکۆڵی چاودێریی توند لەسەر دروستکردن و بەکارهێنانی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج.

-واژۆکردنی پەیماننامەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بە شێوەیەک ژمارەی مووشەکەکانی ئێران لە هەزار مووشەک تێپەڕ نەکات.

-بڕینی تەمویلی دارایی بۆ حزبولڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن و حەماسی غەززە.

لە کاتێکدا ترەمپ داواکاریی "قەرەبوو رەت دەکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن کە دەکرێت لە رێگەی گۆڕینی دەستەواژەکانەوە رێککەوتن بکرێت؛ بۆ نموونە لەبری "قەرەبوو" دەستەواژەی "گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکان" بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی لە ناوخۆی ئێراندا وەک دەستکەوت نیشان بدرێت.

 

نێوەندگیر و لایەنی گفتوگۆکەر

سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، تیمەکەی ترەمپ ئێستا بە دوای دوو وەڵامی سەرەکیدا دەگەڕێن؛ کێ خاوەن بڕیاری ڕاستەقینەیە لە ئێران بۆ ئەوەی راستەوخۆ قسەی لەگەڵ بکرێت؟ و کام وڵات باشترین نێوەنگیرە؟

بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکان، بەرپرسانی ئەمریکی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تەنیا وەک "ئامێری فاکس" دەبینن و پێیان وایە دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە.

هەروەها واشنتن دەیەوێت "قەتەر" ببێتە نێوەندگیری سەرەکی لە بری عوممان، چونکە قەتەرییەکان لە دۆسیەی غەززەدا متمانەی خۆیان لای ئەمریکا چەسپاندووە، هەرچەندە قەتەر دەیەوێت زیاتر لە پشت پەردەوە کار بکات نەک وەک نێوەندگیری فەرمی.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانەی تیمەکەی ترەمپ نیشانەی ئەوەن کە واشنتن دەیەوێت پێشوەختە ئامادەکاری بکات بۆ هەر ئەگەرێکی کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بە مەرجێک کە هاوشێوەی ئەو پێشنیازانە بن کە دوو ڕۆژ پێش دەسپێکی جەنگ لە جنێڤ پێشکەشی ئێرانیان کردبوو.

 

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.