ئێران لە تۆڵەی هێرشەکەی سەر نەتەنز شاری دیمۆنای مووشەکباران کرد

وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا
وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا

هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری دیمۆنای ئیسرائیل لە تۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر وێستگەی نەتەنز بووە.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئەمڕۆ شەممە 21ی ئاداری 2026، بڵاویکردەوە، هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی شاری دیمۆنا، وەڵامێکە بۆ هێرشە دوژمنکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز.

هەروەها سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر شاری دیمۆنا، 39 کەس برینداربوون.  

لەلایەن خۆیەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر دیمۆنا، هیچ حاڵەتێکی نا ئاسایی دزەکردنی تیشکدانەوەی ناوەکی لە وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا و دەوروبەری بەدی نەکراوە.

هەروا ئاماژەیداوە، هیچ زانیارییەکیان لە بارەی زیانگەیشتن بە وێستگەی ئەتۆمی باشووری ئیسرائیل پێنەگەیشتووە.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای ئەسفەهانی ئێران، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی نەتەنز، کە تایبەتە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکی ئێران.