سعوودیە دیپلۆماتکارانی ئێران دەردەکات

وەزارەتی دەرەوەی شانشینی سعوودیە 24 کاتژمێر مۆڵەتی داوە بە پاشکۆی سەربازی و یاریدەدەرێکی باڵیۆز و سێ ئەندامی ستافی نێردە دیپلۆماسی باڵیۆزخانەی ئێران بۆ ئەوەی هەرچی زووە وڵاتەکە جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئەمڕۆ شەممە 21ی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکدا پێنج ئەندامی نێردەی دیپلۆماتکاری ئێران، بە کەسانی نەخوازراو دەستنیشان کردووە و پێی راگەیاندوون، هەرچی زووە دەبێت شانشینی سعوودیە جێبهێڵن، ئەمەش وەڵامێکە بۆ بەردەوامیی هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی ئێران بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ژێرخانی وزەی سعوودیە.

وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ بەردەوامیی بەئامانجگرتنی سەروەریی وڵات و ناوچە مەدەنییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ناوەند دیپلۆماسییەکانی وڵاتان لەلایەن ئێرانەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم جۆرە رەفتارانەی کۆماری ئیسلامی پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتییەکی باشە، جگە لەوە پێشێلکارییەکی زەقی رێککەوتنی بەیژینگ و بڕیاری ژمارە 2817ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، هێرشەکانی ئێران دژی بەهاکانی برایەتیی موسڵمانانە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵام وا دیارە ئەوەی ئێران دەیڵێت "تەنیا قسەن و لە کردارەکانی رەنگیان نەداوەتەوە".

هەر لە راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە جارێکی دیکەی ئاماژەیەکی وەبیرهێنانەوەی بۆ راگەیەندراوی 9ی ئەم مانگە داوە، کە تیایدا ئاماژەیدابوو، بەرەدەوامیدان بە هێرشەکان لەلایەن ئێرانەوە بە واتای پەرەسەندنی زیاتر و زیانگەیاندنی توند بە پەیوەندییەکان دێت، هەرچەند هێرشەکان تەنیا سعوودیەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیشی گرتووەتەوە.