ناتانیاهۆ: شەوێکی سەخت بەڕێ دەکەین
دەستەی پەخشی میدیایی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر شاری عەراد (نەقەب) گەڕەکێک بە تەواوەتی وێران بووە.
هەروەها دەزگای فریاگوزاری ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی هێرشی مووشەکی ئێرانەوە لە شاری عەراد 220 کەس بوونەتە قوربانی بە کوژراو و بریندارەوە.
دوای ئاشکرابوونی کاریگەریی هێرشەکانی ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، شەوێکی سەخت بەڕێ دەکەین، بەڵام لە تەواوی بەرەکان درێژە بە جەنگ دەدەین.
ناتانیاهۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانی خۆی لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران دەربڕیوە و نووسیویەتی "ئەمشەو جەنگی داهاتووماندا، زۆر سەختە" و ئاماژەیداوە، لەگەڵ یایر مەیان سەرۆکی شارەوانی عەراد قسەی کردووە لە بارەی تەندروستی دانیشتووانی شارەکە و بریندارانی هێرشە مووشەکییەکە.
هەر لە پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ نووسیویەتی "بەڕێوبەری گشتی نووسینگەکەمم راسپاردووە لەگەڵ هەموو وەزارەتەکانی حکوومەت هاوکاری پێویست و تەواو پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن.
راشیگەیاندووە، تیمەکانی فریاکەوتن و فریاگوزاری ئێستا لە شوێنی رووداوەکەن و بەوپەڕی توانایانەوە کار دەکەن، داواشی لە خەڵک و هەموو لایەنەکان کردووە پابەندی رێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی جەنگی ناوخۆیی ئیسرائیل بن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها نووسیوتی " بڕیارمانداوە لە هەموو بەرەکاندا بەردەوام بین هێرشکردنە سەر ئێران".
هەروەها سەرۆکی شارەوانی عەراد رایگەیاندووە، لەو گەڕەکەی کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەکی، هەرچی زووە پێویستە نزیکەی 150 خێزان بۆ شوێنێکی ئارام و پارێزراو بگوزرێنەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، تیمەکانی فریاگوزاری ئیسرائیل بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدار و خەڵکی ئاسایی بەردەوام لە گەڕان لەنێو داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان بە دوای دۆزینەوە ئەوانەی هێشتا زیندن و دەرهێنانەوەی تەرمی ئەوانەشی بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون.
بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەکانی فەرماندەیی بەرەی جەنگیی ناوخۆ ئیسرائیل، ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشەکەی سەر شاری عەراد (نەقەب)ـی باشووری ئیسرائیل ئەنجامداوە، مەزندە دەکەن کڵاوەی هەر یەکێک لە مووشەکەکان هەڵگری سەدان کیلۆ ماددەی تەقەمەنی تێدا بوو بێت.
فەرماندەییەکە راشیگەیاندووە، تیمە پسۆرەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لەو جۆرە مووشەکەی لە هێرشەکەدا، ئێران بەکاری هێناوە.