ترەمپ: رێککەوتن لەگەڵ ئێران ناکەم
راپۆرتێکی شیکاری رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە بارەی جەنگی ئێران و ئامانجەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی توڕە کردووە و بەهۆیەوە وەڵامێکی توندی نووسەر و رۆژنامەکە دەداتەوە و دەڵێت "نووسەرەکە بێ توانایە و رۆژنامەکەش شکستی هێناوە"، رەتیشی دەکاتەوە لەگەڵ ئێران رێککەوتن بکات.
دوای ئەوەی رۆژنامەکە راپۆرتێکی بە ناونیشانی "ترەمپ دواجار چاوی بڕیوەتە دەرچوونە لە ئێران، بەڵام ئایا ئەو کارە دەکات یان نە"، بە گوێرەی راپۆرت و سەرنجی نووسەرەکە، سەرۆکی ئەمریکا بە نیازی کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە لە دژی ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە هێشتا بەشێکی زۆر لە ئامانجە سەرەتاییەکانی جەنگی بە دەست نەهێناوە.
لەمبارەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، لە سۆشیەل تروس لە بارەی جەنگی ئێران و ئامانجەکانی پەیامێکی تازەی بڵاوکردووەتەوە وەڵامی رۆژنامەکەی داوەتەوە و نووسیەتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێرانی بە تەواوەتی لەسەر نەخشە سڕیوەتەوە، کەچی شیکەرەوە بێ تواناکەیان، دەیڤد سێنەر پێی وایە، من بە ئامانجەکانم نەگەیشتووم، نەخێر، پێیگەیشتووم، بەڵکو بە چەند هەفتەیەک لە پێشەوە ئەو پلانەین کە داماننابوو".
هەر لەبارەی دۆخی ئێرانەوە نووسیویەتی "سەرکردەکانیان لەنێو چوون، هێزی دەریایی و ئاسمانیان وێران بووە، هیچ بەرگرییەکیان نەماوە، کەچی دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، من نامەوێت!، ئێمە بە چەند هەفتەیەک لە پێش ئەو خشتە کاتیەین کە داماننابوو".
هەروەها هێرشی توند دەکاتە سەر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و نووسیوتی "رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی شکستهێناوە و هەمیشە هەڵە دەکات!، رێک وەک رووماڵە بێتواناکەیانە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی منەوە کە هەیان بوو".