ئیرنا: سوپای پاسداران بەدرۆن بنکەیەکی سەربازییان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کردە ئامانج
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئیرنا" ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، رایگەیاند؛ هێرشێکی درۆن بنکەیەکی سەربازییان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردووەتە ئامانج.
ئیرنا ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو بنکە سەربازییەی دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دووبارە بە درۆن کراوەتەوە ئامانج". کە لە رابردوودا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەکاردەهێنرا.
سوپای پاسداران دوێنێ شەو بە مووشەک هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس لە شاری عەراد، بەهۆی موشەکێکی ئێرانییەوە 84 کەس بریندار بوون کە باری تەندروستی 10یان ناجێگیرە، هەروەها زیانێکی زۆر بە ناوچە نیشتەجێبوونەکان گەیشتووە. هەروەها شاری دیمۆنا کە دامەزراوەیەکی ئەتۆمی گرنگی ئیسرائیلی تێدایە، موشەکێکی دیکەی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 33 کەس بریندار بوون. موشەکەکە تەنیا 5 کیلۆمەتر لە دامەزراوە ئەتۆمییەکە دوور بووە.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند؛ ئەم هێرشە موشەکییانە "وەڵامێک بووە بۆ بۆردومانکردنی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز" کە پێشتر لە رۆژی شەممەدا لەلایەن ئیسرائیل کرابووە ئامانج.