ژاپۆن مەرجی هەیە بۆ پاککردنەوەی مینەکانی گەرووی هورمز
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن دەڵێت، بە مەرجی ئاگربەست، وڵاتەکەی مینەکانی گەرووی هورمز پاک دەکاتەوە.
تۆشیمیتسۆ مۆتیگی، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، لە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، رەنگە ژاپۆن بیر لە جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی بکاتەوە بەمەبەستی پاککردنەوەی مین لە گەرووی هورمز.
مۆتیگی لە میانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، "ئەگەر ئاگربەستێکی تەواوەتی بەدی بێت، ئەوا لە رووی تیۆرییەوە، رەنگە پرسێکی وەک پاککردنەوەی مین بخرێتە بەرباس".
هەروەها گوتیشی، "ئەمە بابەتێکی تەواو گریمانەییە، بەڵام ئەگەر ئاگربەست راگەیەنرا و مینە دەریاییەکانیش بوونە ئاستەنگ، پێم وایە ئەوکاتە بابەتەکە شایەنی بیرلێکردنەوە دەبێت".
لە 28ی شوباتی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئێران، بەمەش گرژییەکان بۆ جەنگێکی گەورەتر سەرکێشییان کرد. بەهۆی ئەم جەنگەوە، تاران تا رادەیەکی زۆر گەرووی هورمزی داخستووە و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕی وزەی جیهان داناوە.
ژاپۆن بۆ دابینکردنی نزیکەی 90٪ی هاوردەی نەوتی خاو پشت بە گەرووی هورمز دەبەستێت، بۆیە داخرانی گەرووەکە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئابوورییەکەی و ناچاری کردووە پەنا بۆ یەدەگی نەوتی ستراتیژی ببات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە واشنتن لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کۆبووەوە و داوای لێ کرد هاوکاریی ئەمریکا بکات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.
تاکایچی روونی کردەوە، بەپێی دەستووری وڵاتەکەیان ناتوانن بە ئاسانی هێزی سەربازی رەوانەی دەرەوە بکەن مەگەر تەنیا بۆ پاراستنی مانەوەی ژاپۆن بێت. لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ژاپۆن گفتوگۆی کردووە بۆ رێگەدان بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانەی پەیوەندیدارن بە تۆکیۆوە.
هەروەها لە پەراوێزی ئەم پێشهاتانەدا، تۆشیمیتسۆ مۆتیگی، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن ئاشکرای کرد، یەکێک لەو دوو هاووڵاتییە ژاپۆنییەی لە هاوینی ساڵی 2025 لە ئێران دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کراوە و لە رێگەی ئازەربایجانەوە دەگەڕێتەوە نیشتمان.